کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندانی کورد پاڵپشتی و هاوخەمی خۆیان بۆ ڕۆژاوا دەربڕی

16:30 - 20 رەزبەر 2719

لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕین و هاوخەمی خەڵک و هونەرمەندانی کورد بۆ پاڵپشتی ڕۆژاوا مامۆستا و ژەنیاری گەورەی جیهان "کەیهان کەلهوڕ" بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە هێرشەکەی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان کۆنسێرتەکەی کە بڕیاربوو ئەم مانگە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێ هەڵوەشاندەوە. ژەنیاری گەورەی کورد، مامۆستا "کەیهان کەلهوڕ" ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەزبەر، لە کۆنسێرتەکەیدا لە لەندەن بە دەنگێکی خەمبارەوە ڕایگەیاند: هەرچەند نابێ مووسیقا ئاوێتەی شەڕ و ئاژاوە و سیاسەت بکرێ، بەڵام لە بەرانبەر زوڵم و زۆرداری و سڕینەوەی نەتەوەییەکدا ناکرێ بێدەنگ بین، خۆتان دەزانن دەردی کورد زۆر گرانەو ناچارمان دەکات هەڵوێست بگرین ئێمەی کورد ڕۆژانێکی سەخت تێپەڕ دەکەین، هەموومان دڵمان هاتۆتە ئێش، هیوادارم لەو ناوچەیەی جیهان چیدی شەڕ نەمێنێ ، بەڵام هەندێ سیاسەتمەدار لەئێمە تێناگەن، من هەر بەم بۆنەوە کۆنسێرتەکەم لە ئیستانبوڵ هەڵوەشاندەوە. هەر لەم پێوەندییەدا هونەرمەندانی دیکەی کورد وەکوو ناسری ڕەزازی، شوانپەروەر و نەجمەی غوڵامی وبەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان و ئێران و تەنانەت جیهانیش پاڵپشتییان لە ڕۆژاوا کرد. لەوانە شاهین نەجەفی و مەجید خەڕاتا لەو هونەرمەندە ئێرانییانە بوون کە پاڵپشتی خۆیان بۆ ڕۆژاوا دەربڕی.