کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی ساڵانەی لەسێدارەدان لە ئێران

16:40 - 20 رەزبەر 2719

هەواڵدەریی "هێرانا" بە هاوکاریی ناوەندی ئاماری کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران"، ساڵانە بەبۆنەی ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبرەوە کە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاری دژی سێدارەیە، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گشتیی خەڵک بۆ بەرگری لە سێدارە، ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەو ڕێکخراوە لە ئێران بڵاو دەبێتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوەکراوە کە لە ڕێکەوتی ١٠ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٨ەوە تاکوو ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩، لانیکەم ٢٤٢ کەس لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا لە سێدارە دراون. شایانی باسە کە زۆربەی ئەو بڕیارانەی کە بۆ لە سێدارەدان دەردەچێت لە نەبوونی پارێزەرێکی شارەزا و لە نەبوونی ڕەوتێکی یاسایی لە دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی دایە. لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا، ٢٥٠ ڕاپۆرتی لەسێدارەدان بەناوەندەکانی مافی مرۆڤ و بەرگری لە سێدارە گەیشتووە کە تا ئێستا ٢٤٢ کەس لە سێدارە دراون و ١٣٤ کەسیش حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە. شایانی باسە کە ١٦ کەس لە ئیعدام کراوەکان لە پێش چاوی خەڵکدا ئەنجامدراون کە لەوانە، ١٢ کەسیان ژن بوونە و لە هەموویان گرینگتر ئەوە بووە کە ٥ کەس، تەمەنیان خوار ١٨ ساڵ بووە و یاسای مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە هەمبەر مناڵان پێشێلکراوە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە کۆماری ئیسلامی یەکێک لەو دەسەڵاتانەیە کە زیاترین ڕادەی لەسێدارەدانی تێدایە و ئەو ڕێژیمە پێبەندی هیچ یاسا و ڕێسایەکی ئینسانی و نێودەوڵەتی نییە و حوکمی لە سێدارەدان لە دادگایەکی سەرپێی و لە ژێر ئەشکەنجەی جەللادەکانی ئیتلاعاتدا بەڕێوە دەچێ.