کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژاوای کوردستان

16:47 - 20 رەزبەر 2719

پاش هێرشی تورکیە بۆ سەر خاک و خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان ، بۆ جارێکی دیکە خەڵکی بەهەست و هەڵوێستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێپێوان و بەڕێوەبردنی خۆپێشاندان ئەو هێرشەیان مەحکوومکرد و بۆ جارێکی تر پشتیوانی خۆیان لەو بەشەی کوردستان دەربڕی. ڕۆژی هەینی ١٩ی ڕەزبەری ٩٨ی هەتاوی لە چەند شاری کوردستان بەشێوەی بەربڵاو خۆپێشاندان کراو هەرچەشنە بێدەنگی وڵاتان و سەرەڕۆیی داگیرکەرانی کوردستانیان مەحکوومکرد. لە شاری سنە وێڕای ئەوەی کە کەشێکی ئەمنییەتی زاڵ کرابوو، بەڵام خەڵک لە ڕێپێوانێکی مەدەنییانەدا هاوخەمی خۆیان لە گەڵ دۆخی ڕۆژاوا دەربڕی. هەروەها لە شاری دێولان چالاکانی سیاسی و مەدەنی ئەوشارە لە گردبوونەوەیەک‌دا بە توندی ڕەخنەیان لە بکەران و بەڕێوەبەرانی ئەو جینایەتە گرت و بە ڕاشکاوی کۆماری ئیسلامییان وەکوو هاوپەیمانی تورکیە لە پرۆسەی دژەکورد مەحکووم کرد. هەر لەو پێوەندییە‌دا پاش‌نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ لە شاری مەریوان لەسەر داوای شووڕای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ئەو شارە گردبوونەوەیەکی بەربڵاو بۆ پشتیوانی کردن لە گەڵ خەڵکی چەوساوەی ڕۆژاوا بەڕێوەچوو. هەروەها لە شارەکانی بانە و پیرانشار خەڵکی نیشتمانپەروەری ئەو دوو شارە خەمی ڕۆژاوایان بە هی خۆیان زانی و ناڕەزایەتیی خۆیانیان لە هەمبەر هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوا دەربڕی. جێی‌ئاماژەیە لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕێکخراو و ئەنجومەنە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بەو دۆخەی ڕۆژاوا هەڵوێستیان گرت. شووڕای ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان پێکهاتوو لە ٩ ڕێکخراوی فەرهەنگی و مەدەنی، بەدەرکردنی ڕاگەیاندراوێک وێڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشە داوایان لە دامەزراوە نێونەتەوەییەکانی وەک: "ئەنجوومەنی ئاسایش، یەکیەتیی ئورووپا و یەکیەتیی وڵاتانی عەرەبی و ڕێکخراوە چالاکەکان کرد کە بێ هەڵوێست نەبن و بەر بە کۆمەڵکوژی و کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بگرن". هەروەها ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەزبەر کۆمەڵگەی مەدەنیی شاری سنەو ئەنجومەنی سێنفی مامۆستایانی "سەقز و زیویە" بەدەرکردنی بەیاننامەیەک هێرشی ئەرتەشی تورکیەیان بۆسەر خاکی ڕۆژاوا و بێدەنگی وڵاتانی ناوچەیان مەحکووم کرد. شایانی باسە بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی کوردپەروەر بەرانبەر بە بانگەشەکانی ئەردۆغان ڕاشکاوانە ڕاوەستان و ئەو هێرشەیان بە جەنایەت لە دژی گەلی کورد لە قەڵەم دا. هەڵوێست و خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی وڵات هاوكاتە لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی دەرەوەی وڵات کە لە وڵاتانی دیکەی جیهانیش کوردانی ڕۆژهەڵات وەک هەمیشە لە هەموو بۆنە نەتەوەیی و ڕۆژە سەخت و کارەساتبارەکاندا هاودەنگ لەگەڵ کوردانی دیکەی پارچەکانی تر لە مەیدان دان و ڕێکخەر و بەشداری خۆپێشاندانەکانن.