کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشەکەی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوا بۆتە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس

17:01 - 20 رەزبەر 2719

ستیڤان دوگاریك، گوته‌بێژ به‌ناوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دوایین ئاماری ئاواره‌بوونی هاووڵاتیانی سڤیلی رۆژئاوای كوردستان و باكووری سووریای راگه‌یاند كه‌ به‌هۆی هێرشی سوپای توركیا و میلیشیا‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئانکاراوە ماوه‌ی چوار رۆژه‌ بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ ده‌ستیپێكردووه‌. گوته‌بێژه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت: به‌هۆی ئۆپەراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ی سه‌ر باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریاوه‌ تا ئێستا نزیكه‌ی ١٠٠ هه‌زار كه‌س ئاواره‌ بوون. ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ سه‌رۆك كۆماری توركیا دوێنێ رایگه‌یاند، ئامانجێكی هێرشه‌كه‌ گێڕانه‌وه‌ی ٤ میلیۆن ئاواره‌ی سووریایه‌ بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ توركیا به‌ ناوچه‌ی ئارام ناوی ده‌بات. گوته‌بێژی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماژه‌ی به‌ راپۆرتی ئۆفیسی هه‌ماهه‌نگی كاروباری مرۆیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كرد بۆ خستنه‌ڕووی ئاماره‌كه‌ و گووتی: ئۆفیسه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جەختییانكردۆته‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی ١٠٠ هه‌زار كه‌س له‌و ناوچانه‌ی كراونه‌ته‌ ئامانجی هێرشه‌كه‌ تا ئێستا ئاواره‌ بوون. هه‌روه‌ها له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی توركیاوه‌ گووتی: پێویسته‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تی و خه‌ڵكی سڤیل له‌و ئۆپراسیۆنه‌دا بپارێزرێن. كۆمیسیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاندبوو، راپۆرتیان له‌باره‌ی خه‌ڵكی سڤیلی ناوچه‌كه‌ش ده‌ستكه‌وتووه‌ كه‌ به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی توركیاوه‌ گیانیان لەدەستداوە یا بریندار بوون.