کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەنگی بیروهزری نەتەوایەتی

14:21 - 21 رەزبەر 2719

ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند ڕۆژێکە بۆتە دەنگی بەرخۆدانی جەنگاوەران و دەنگی گریانی مناڵانی ڕۆژاوای کوردستان. هێرشی لەشکری تورک بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان، چەند ڕۆژێکە بۆتە باس و بابەتی مێدیاکانی جیهان و کوردستانیانیش لە هەر شوێنێک کە بۆیان لوابێ، هێرشی سپای تورکیەیان بۆسەر ڕۆژاوا مەحکووم کردوە. ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە، هەست و بیروهزری نەتەوەیی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە هەمیشە لە کاتی هەر ڕووداوێکدا لەسەر خەتن و بێ گوێدانە هەڕشە و چاوسوورکردنەوەکانی دژمن و بێباک لە مەرگ و بەندیخانە و سێدارە، دەڕژێنە سەر شەقامەکان و دەبنە دەنگی هەموو پارچەکانی کوردستان. لەبەرابەر زوڵم و ستەمدا ناڕەزایەتی دەردەبڕن و لەگەڵ ڕێفراندۆم سروودی ئازادی و لەگەڵ مووشەکبارانی قەڵای دێموکڕات سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب، و لە ٢١ی خەرماناندا بۆ ڕێزگرتن لە ڕوحی شەهیدان ساتێ بەبێدەنگی ڕادەوەستن. ئەمجارەشیان وەک هەموو جارەکانی تر بوونە دەنگی ناڕەزایەتی دژ بە لەشکرکێشیی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوا و شەقامەکانیان پڕ کردوە لە دروشم و سروود و هاواری دەنگی گەلێکی بندەست. چەند ڕۆژێکە شارەکانی کوردستان بوونەتە مەیدانی خۆپێشاندان و خۆپێشاندەران بە سروودی ئەی ڕەقیب و کوردستان کوردستان گۆڕستانی فاشیستان بوونەتە دەنگی ئەو کوردانەی کە دەوڵەتی تورکیە بۆمب و گوللەیان بەسەردا دەبارێنی ، خوێنیان دەڕێژێ و ماڵیان وێران دەکا. لەگەڵ ئەوەی کە لەگەڵ دژایەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بوونەتەوە و لاوانی فیداکار و بە هەست ڕاپێچی بەندیخانەکان کراون، بەڵام تا ئێستاش ئەم ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانانە لە کوردستان هەتا پێتەختی ئێران هەر بەردەوامن. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو بۆنە نەتەوەیی و رووداوە کارەساتبارەکاندا هاودەنگ هاتوونەتە مەیدان و نەیانهێشتوە خوشک و براکانیان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان هەست بە تەنیایی بکەن. ئەو هەستە پیرۆزە بۆتە ڕەمزی مانەوەی کورد و خاوەندارییەتی لە خاکی پیرۆزی کوردستان. کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ جیاوازی، بە هەموو ئایین و باوەڕەکانەوە، بەهەموو زارەوەکانەوە لە ئیلامەوە تا ورمێ بە ئاڵای کوردستانەوە شەقامەکان دەهەژێنن و ناهێڵن بیروهزری نەتەوایەتی کاڵ بێتەوە و دوژمن لە سەر خاکی کوردان بە ئارامی خەوی لێبکەوێ.