کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان فرۆشتنی چەکوچۆڵی بە دەوڵەتی تورکیە ڕاگرت

14:31 - 21 رەزبەر 2719

هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئاڵمان ڕایگەیاندووە کە بەهۆی هێرشەکانی تورکیەوە هیچ جۆرە چەک و ماددەیەکی تەقەمەنی بەو وڵاتە نافرۆشێت. ڕۆژنامەی ئاڵمانیی ''بیڵد'' لە نوێترین ژمارەی خۆیدا ئەمڕۆ لە زمانی وەزیری دەرەوەی ئاڵمانەوە رایگەیاندووە کە وڵاتی ئاڵمان لە وەڵامی هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر خەڵکی بێ تاوان و هێزە کوردییەکان لە سووریە، فرۆشتنی چەک و هەموو جۆرە تەقەمەنییەکی بە دەوڵەتی تورکیە ڕاگرتووە. هایکۆ ماس لە درێژەدا گوتی کە دەوڵەتی فێدڕاڵی ئاڵمان بە لەبەرچاو گرتنی هێرشی تورکیە بۆسەر سووریە، ئیجازەی فرۆشتنی هەر جۆرە چەکێکی ئاڵمانیی بۆ تورکیە قەدەغە کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی بیڵد، فرۆشتنی چەکی ئاڵمان لە ساڵی ٢٠١٨دا بۆ تورکیە بایی ٢٦٨میلیۆن دۆلار بووە کە ئەوەش دەبێتە یەک لەسەر سێی فرۆشتنی چەکوچۆڵی ئاڵمانی بە وڵاتان. شایانی باسە کە هەر بەهۆی هێرشی تورکییەوە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان وڵاتانی فینلاند، نۆروێژ، هولەند، سوئێد و فەڕانسە فرۆشتنی چەکوچۆڵیان بە دەوڵەتی تورکیە ڕاگرتوە.