کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی شەڕ لە ڕۆژاوای کوردستان

21:57 - 21 رەزبەر 2719

ئەمڕۆ پێنج ڕۆژ بەسەر هێرشی سپای دەوڵەتی تورکیە بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان تێدەپەڕی و تا ئێستا شەڕێکی نابەرانبەر لەنێوان لەشکری تورک و پارێزەرانی ڕۆژاوای کوردستان بەردەوامە. ڕۆژی چوارشەممەی ١٧ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی دەوڵەتی تورکیە بەهاوکاری چەند هێز و میلیشیای سووریە بۆ داگیر کردنی ڕۆژاوای کوردستان هێرشێکی گەورە و هەمەلایەنەی دەسپێکرد. لەو شەڕەدا سەرەتا سپای تورکیە لە ڕێگەی بۆمب و فڕۆکەی شەڕکەرەوە شار و نەخۆشخانە و گوندەکانی ڕۆژاوای کوردستانی بۆمباران و تۆپباران کرد و دواتر لەشکری تورکیە هێرشیان کردە سەر شەڕڤانان و خەڵکی سڤیلی چەند ناوچەیەکی ڕۆژاوا. لە ئاکامی ئەو شەڕ و بۆمبارانەدا تا ئێستا دەیان کەس لە خەڵکی سڤیل شەهید و بریندار بوون و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس گوند و شارەکانیان چۆڵکردوە و پەنایان بردۆتە بەر شار و گوندەکانی دیکە و زۆرێک لە خەڵکیش هەر لە دەشت و دۆڵەکان خۆیان پەنا داوە. لەگەڵ ئەوەی کە لە شەڕێکی نابەرانبەردا تا ئێستا دەوڵەتی تورکیە ئیدیعای گرتن و دەسبەسەرداگرتنی چەند ناوچەیەک دەکا، بەڵام هێزە کوردییەکان ئەو ئیدیعایەی سپای تورکیە ڕەتدەکەنەوە. هێرشی ئەمجارەی تورکیە بە پێچەوانەی هێرش بۆسەر شاری عەفرین، لەگەڵ دژکردەوەیەکی جیهانیی بەرەوڕوو بۆوە. کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان یەکدەنگ و هاودەنگ هاتنە سەر شەقامەکان و ئەو هێرش و داگیرکارییەیان مەحکووم کرد. بە دەیان ڕیکخراوی ئینساندۆست و بێجگە لە چەند وڵاتێکی کەم، زۆربەی وڵاتان ئەو هێرشەیان مەحکووم کردوە. وڵاتانی ئورووپایی وەک فەڕانسە و ئاڵمان و بریتانیا و چەند وڵاتێکی تر و وڵاتانی ئەندام لە یەکیەتی عەڕەب ئەو هێرشەیان مەحکووم کرد. وڵاتانی فەڕانسە، فینلاند، ئاڵمان، هولەند، سوئێد و نۆروێژ فرۆشتنی چەک و چۆڵیان بە دەوڵەتی تورکیە ڕاگرت. لەنێوخۆی ئەمریکا زۆر لە کاربەدەست و سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە دژ بە هێرسی تورکیە و بڕیارە هەڵەکەی دۆناڵد تڕامپ وەستانەوە و ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورکیەیان بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان مەحکووم کرد.