کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕووداو و هەواڵە پێوەندیدارەکان بە ڕۆژاوای کوردستان

15:00 - 22 رەزبەر 2719

ماوەی ٦ ڕۆژە دەوڵەتی تورکیە هێرشی کردۆتە سەر ڕۆژاوای کوردستان و تا ئێستا شەڕێکی سەخت لەنێوان کوردەکان و سپای تورکیە و میلیشیاکانی سووریەی سەر بە دەوڵەتی تورکیە بەردەوامە و کاردانەوەی جیاجیای بەدوای خۆیدا هێناوە. ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی، سپای تورکیە بۆ داگیرکردنی ڕۆژاوای کوردستان هێرشێکی گەورەی دەسپێکرد کە لەو هێرشەدا دەیان کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە دانیشتوانی ڕۆژاوای کوردستان بوونەتە قوربانی و ماڵوێرانییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. هێزە کوردییەکان بەچەکی سووک لەبەرانبەر فڕۆکە و تۆپخانە و لەشکری زۆر و پۆشتە و پەرداخی لەشکری تورک و هاودەستەکانیاندا ڕاوەستاون و بەرەنگاری هێرشی دوژمن بوونەوە. ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی ڕەزبەر فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیە کاروانێکی خەڵکی سڤیلیان دایە بەر هێرش و لە ئاکامدا چەند کەس بوونە قوربانی کە لەنێو قوربانییەکاندا باس لە دوو ڕۆژنامەوانی خاریجی دەکرێ. هەر دوێنی بەهۆی تۆپباران و بۆمبارانی سپای تورکیەوە، نزیک بە ٨٠٠ کەس لە بنەماڵەی داعشیەکان لە کەمپێکی ژێردەسەڵاتی هەسەدە ڕایانکرد. لایەنە کوردییەکان دەڵێن گرووپێکی تیرۆریستی سەر بە دەوڵەتی تورکیە هاوکار بووە بۆ ڕێگە خۆشکردن بۆ هەڵاتنی ئەو داعشیانە لە کەمپەکە. گرینگترین ڕوودای ڕۆژاوا ڕێککەوتنی کوردەکانە لەگەڵ دەوڵەتی بەشار ئەسەد کە بۆتە سەردێڕی ڕۆژنامەکانی جیهان. دوای ئەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا پشتی لە کورد کرد و ڕێگەی بە دەوڵەتی تورکیەدا کە هێرش بکاتە سەر ڕۆژاوای کوردستان، کوردەکان ناچار بوون لەگەڵ دەوڵەتی سووریە و ڕووسیە ڕێککەون. هەر دوێنێ ئەرتەشی سووریە هاتەوە چەند ناوچەیەکی ڕۆژاوای کوردستان و لە هەمانکاتدا خاچی سووری سووریە ڕایگەیاند کە هاوپەیمانان سپای سووریەیان بۆمباران کردوە و ڕێگر بوون لەوەی کە بچنە مەنبج. دەوڵەتی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە سووریەدا و بەو بڕیارەش بۆ جارێکیتر کوردی خستە بەرقەتڵوعامێکی تر و چرای سەوزی دا بە دەوڵەتی تورک کە بێت و کوردستان داگیر بکا. چەند دەوڵەتێکی ئورووپایی بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەو هێرشەی تورکیە، فرۆشتنی چەکوچۆڵیان بە دەوڵەتی تورکیە ڕاگرت. زۆر لە وڵاتانی جیهان ئەو هێرشەیان مەحکووم کرد و داوایان لە دەوڵەتی تورکیە کرد کە هێرشەکە ڕابگرێ. هەر بەهۆی ئەو هێرشەوە و بۆ مەحکووم کردنی دەوڵەتی تورکیە ، کەیهان کەلهوڕ ژەنیاری جیهانی، فەخرەدین دوست محەممەد و گرووپی ژنانی گلاریس، کۆنسێرت و بانگهێشتیان بۆ تورکیە هەڵوەشاندەوە بە حورمەتی ڕوحی منداڵانی ژێر بۆمباران و مەحکووم کردنی ئەو هێرشە ئامادە نەبوون لە مەراسمەکاندا بەشدار بن. ڕووداوێکی گرینگی دیکەی ئەو چەند ڕۆژە، هەڵوێستی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بوو لەنێوخۆ و لە دەرەوەی وڵات. کوردستانیان بە ڕوحێکی بەرزی نەتەوەییەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و ئەو هێرش و داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیەیان مەحکووم کرد. ناوەندی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای مەحکووم کردنی ئەو هێرشەی تورکیە، داوای لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە بۆ پشتیوانی لە هاونیشتمانانیان لە ڕۆژاوای کوردستان درێژە بە خۆپێشاندانەکان بدەن. بەشێک لە سیاسەتمەداران و کاربەدەستانی جیهان ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورکیەیان مەحکووم و ئەو بڕیارەی دەوڵەتی تڕامپیان بە هەڵە زانی و لەنێو ئەواندا هێلاری کلێنتۆن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا ئەو بڕیارەی تڕامپی بە خیانەت بە کورد ناوبرد.