کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری هۆکاری سەرەکییە لە زیادبوونی خۆکوشتنەکان لە ئیلام

22:16 - 22 رەزبەر 2719

بە پێی لێکۆڵینەوەی کارناسێکی کۆمەڵایەتی خەڵکی ئیلام، بەرزبونەوەی ڕێژەی خۆکوژییەکان پێوەندی بە هەژاری و دەسکورتیەوە هەیە. عەلی ‌مووسانژاد مامۆستای زانکۆ و کارناسی کۆمەڵایەتی بە باسکردن لە پەرەسەندنی دیاردەی خۆکوشتن لە پارێزگای ئیلام لەو بارەوە ڕایگەیاند کە پاش دەساڵ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زانستی داتاکان باس لەوە دەکەن کە هەژاری هۆکاری خۆکوژییەکانە لە پارێزگای ئیلام. ناوبراو دەڵێ: "زۆربەی ئەو کەسانەی پەنایان بۆ خۆکوژی بردووە لە چینی مامناوەندی و هەژاری کۆمەڵگەن". هەروەها بەپێی راپۆرت و لێکۆڵینەوەکان لە نێوان ١١٨٠ کەس کە پەنایان بۆ خۆکوشتن بردوە زۆربەیان خەڵکی پەراوێزنشین و هەژارن. بە پێی قسەکانی عەلی ‌مووسانژاد چینی لاو لە ئیلام زۆربەیان لەسەر ئەو باوەڕەن کە ناتوانن بە ویستەکانیان بگەن و داهاتوویەکی ناڕوونیان هەیەو هەر ئەمەش تووشی خەمۆکیان دەکات و ڕێگەخۆشکەرە بۆ پەنابردن بۆ خۆکوژی. ئەو کارناسە کۆمەڵایەتییە، بەرزکردنەوەی ئاستی خۆشبژێوی و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان بە ڕێکارێک دەزانێ بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی خۆکوژییەکان لە پارێزگای ئیلام. شایانی باسە ڕێژەی خۆکوژییەکان لە پارێزگای ئیلام بە هۆکاری گەشەنەکردنی ئابووری ئەو پارێزگایە ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبوون دایەو ئەمە لە کاتێکدایە کە پارێزگای ئیلام بە هۆی هەبوونی سامانی سروشتی وەکوو ئاو و نەوت و خاکی بەپیت، یەکێک لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی ئێران و کوردستانە و بە هۆی هەڵاواردنی سیستماتیکی دەسەڵات لە پەرواێز خراوە. جێی وەبیرهینانەوەیە کە شاری ئەیوان لە ئیلام بە پێتەختی خۆکوژی ژنان لە ئاستی جیهاندا ناسراوە.