کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی ٦٠٠ مامۆستای زانکۆکانی ئێران بۆ پشتیوانیکردن لە ڕۆژاوا

22:20 - 22 رەزبەر 2719

زیاتر لە ٦٠٠ مامۆستای زانکۆ لە شارەکانی ئێران و کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕوو بە کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەیی هێرش بۆسەر خاکی رۆژاوایان مەحکووم‌کرد. لە بەشێک لەو بەیاننامەیەدا هاتووە؛ گەلانی ئازدیخواز و سەرۆکی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر وەک ئاگادارن دەوڵەتی تورکیە هەر لەسەرەتای شکڵگرتنی حکومەتی خۆبەڕێوەبەری کوردەکان لە سووریە و هەوڵدان بۆ پێکەوەژیانی ئەتنیکە جۆربەجۆرەکان لەو ناوچەیە‌دا، دژایەتی کردوە و ئێستاش ئەو دژایەتییە کەوتووتە خانەی هێرش کردن و کوشتنی خەڵکی بێتاوان. لە بەشێکی دیکە لەو بەیاننامەیە‌دا هاتووە: کوردەکانی سووریە ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە بەربەرەکانی لە گەڵ ئەلقاعیدە و داعش لە پشێوییەکانی وڵاتی سووریە، بەڵام دەبینین ئەردۆغان هەموو یاسا و ڕێساکانی نێونەتەوەیی پێشێلکردوە و نیزیک بە حەوتەیەکە لە زەوی و لە ئاسمان هێرشی کردۆتە سەر رۆژاوا و ئەمەش بە پێی پڕنیسیپە جیهانییەکان ناتەبایە و دەبێ لە هەموو ڕێگایەکەوە پێشی لێبگیرێ. لە کۆتایی‌دا ڕایانگەیاندوە " کە ئێمە وەکوو مامۆستایانی زانکۆ، خوازیاری ئەوەین کە سەروەری هیچ وڵات و کیانێک پێشێل نەکرێ و کوردانی سووریەش مافی خۆیانە کە چارەنووسی سیاسی خۆیان بۆخۆیان دیاری بکەن.