کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەڕێخستنی کەمپینی دژی لەسێدارەدان لە ئێران

22:22 - 22 رەزبەر 2719

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئاماری لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسیی ئێرانیی غەیری فارس بەتایبەت کورد، بە شێوەیەکی بەرچاو لە زیادبووندایە. ڕۆژی ١٨ی ڕەزبەر بە ڕۆژی بەرنگاربوونەوەی سزای لە سێدارەدان لە جیهاندا دیاریکراوە و تا ئێستا لەوبارە کۆمەڵێک چالاکی ئەنجامدراوە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەو بارەوە چەندین ڕاپۆرتیان بڵاوکردووەتەوە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کردوە. لە یەکێک لەو ڕاپۆرتانەدا باس لەوە دەکرێ کە ئیعدامەکانی ساڵی ٢٠١٠ تاکوو ٢٠١٨ لە ئێران، لەسەتا ٥٥ی کورد بوونە. کە ڕادەیەکی بەرچاو لە ئیعدامەکان، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم بووە. بەشێک لە ئێعدامەکانیش لە ئێران پێوەندیی بە کوشتنی بە ئەنقەست و تۆڵە کردنەوەوە هەیە. زۆر جار لە کوردستان دەبینین کە حوکمی قەساس لەلایەن بنەماڵەی کوژراوەکەوە هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام زۆر لە بنەماڵەکان ئەوە قبووڵ ناکەن. هەر بەو بۆنەوە هەندێ لە چالاکانی مافی مرۆڤ هەوڵیانداوە تاکوو بۆ بەرگری لە سێدارە کەمپەینێکی گەورە وەڕێبخەن و تا ئێستا لە چەند حاڵەتێکدا سەرکەوتوو بوون. بۆ نموونە دایکی منداڵێکیان لە مردن ڕزگار کردوە. ئارام فەتحی یەکێک لەو کەسانەیە کە لەو پێوەندییەدا چالاکە و لە وتووێژێکدا باسی لەوە کردووە کە ماوەیەکە ئەو کەمپەینەیان دامەزراندوە و زیاتر لە شارەکانی کوردستان چالاکی ئەنجام دەدەن. ناوبراو لەو بارەوە دەڵێ: "بە بڕوای ئێمە، زۆربەی ئەو کوشتنە بە ئەنقەستانە لە ڕووی کێشەی کۆمەڵاتیەوە ڕوو دەدەن و هەوڵی ئێمە بۆ ئارام کردنەوەی دۆخی کۆمەڵگە و کەمترکردنەوەی شەڕ و کێشە و هەروەها بەرگریی زیاتر لە ئیعدامە تاکوو کوردستان کەمترین ئاماری ئیعدامی تێدا ئەنجام بدرێت. شایانی باسە کە بە چالاکیی مرۆڤدۆستان و چالاکانی کورد، زۆر لە ئێعدامەکان کە پێوەندییان بە قەساسەوە هەبووە، هەڵوەشێندراونەتەوە و کێشەکان بە دیالۆگ و سازان چارەسەر کراون.