کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر حکوومەتی تورکیە

16:15 - 23 رەزبەر 2719

هێرشی سەربازی سپای تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان دوای یەک حەوتوو بوو بەهۆی ئەوەی کە دەوڵەتی ئەمریکا گەمارۆ بخاتە سەر چەند وەزیر و وەزارەتی دەوڵەتی تورکیە. دوای هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان کە ماوەی یەک حەفتەیە بەردەوامە و بۆتە هۆی کوژران و بریندار بوونی سەدان کەس لە خەڵکی سڤیل و هێزەکانی هەسەدە و سەربازە هێرشبەرەکانی دەوڵەتی تورک و هەروەها ئاوارەبوونی زیاتر لە ١٦٠ هەزار کەس لە خەڵکی ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستان، وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر وەزیری وزە و سەرچاوە سروستیەکان، وەزیری بەرگری و وەزیری نێوخۆی تورکیە و وەزارەتەکانی بەرگری و سەرچاوە سروشتیەکان. هەروەها وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەگەر پێویست بکا گەمارۆی زیاتر دەخەنە سەر دەوڵەتی تورکیە. بەپێی ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا هەموو پارە و سامانی ئەو سێ وەزیرە کە لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەمریکادا و هەموو ئەو کەس و ناوەندانەی کە مامەڵە لەگەڵ ئەوان بکەن گەمارۆیان دەخرێتە سەر. هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە کە مامەڵەی بازرگانی کە بە قەبارەی ١٠٠ میلیارد دۆلارە لە نێوان دوو دەوڵەتی ئەمریکا و تورکیەدا ڕادەگیرێ و ماڵیاتی سەر پیشەسازی پۆڵای تورکیە لە سەتا ٥٠ زیاد دەکا. هەر لەو پێوەندییەدا "مایک پێنس" جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕیگەیاند کە دۆناڵد تڕامپ لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئەردۆغانی ڕاگەیاندوە کە فەوری شەڕەکە ڕابگرێ. هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا هێرشی تورکیە بۆ سەر سوریە تەحەممول ناکا و داوای لە تورکیە کرد کە پاشەکشە بکا و کۆتایی بەتوندوتیژی بێنێ و بێتە سەر مێزی وتووێژ. هەر لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی تورکیە بۆسەر ڕۆژاوای کوردستان، مارک ئەسپر وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند کە دووشەممەی داهاتوو بە نیازە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کۆبوونەوە بکا و بۆ گوشار خستنە سەر دەوڵەتی تورکیە هەموویان بەیەکەوە هەوڵە ئابووری و دیپڵۆماسییەکانیان وەگەڕ بخەن.