کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵ و ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە ڕۆژاوای کوردستان

16:43 - 23 رەزبەر 2719

هێرشی سپای تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان کاردانەوە و هەڵوێستی جیاجیای لێکەوتەوە و دۆخی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کردووە. گرینگترین کاردانەوەی چەند کاتژمێری ڕابردوو لە هێرشی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، گەمارۆ خستنە سەر سێ وەزیر و دوو وەزارەتخانەی دەوڵەتی تورکیە بوو لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە. وەزارەتی خەزینەداری ئەمریکا ڕایگەیاند کە بەهۆی هێرشی لەشکری تورکیە بۆ سەر سووریە، گەمارۆیان خستۆتە سەر وەزیری وزە و سەرچاوە سروستیەکان، وەزیری بەرگری و وزیری نێوخۆی تورکیە و وەزارەتەکانی بەرگری و سەرچاوە سروشتیەکان. هەر لەو پێوەندییەدا "مایک پێنس" جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دۆناڵد تڕامپ لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئەردۆغانی ڕاگەیاندوە کە خێرا شەڕەکە ڕابگرێ. هەروەها ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا هێرشی تورکیە بۆ سەر سوریە تەحەممول ناکا و داوای لە دەوڵەتی تورکیە کرد کە پاشەکشە بە هێزەکانی بکا و کۆتایی بەتوندوتیژی بێنێ و بێتە سەر مێزی وتووێژ. لەمڕۆژانەدا مایک پێنس جێگری سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ نێوبژیوانی کێشەکانی سووریە سەردانی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست دەکا. هەر بەپێی هەواڵ و راپۆرتەکان تا ئێستاش شەڕ لە نێوان هێزە کوردیەکان و لەشکری تورک بەردەوامە و قوربانییەکی زۆری لێکەوتۆتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە "سەرێ کانی و تل حەلەف" دوای رووبەڕووبوونەوە و شەڕێکی سەخت لەلایەن هێزەکانی سووریای دێموکرات کۆنترۆڵکرانەوە، تاوەکو ئێستاش شەڕێکی قورس لە دەروازەی "سەرێ کانی و تل حەلەف" بەردەوامە. هێزەکانی سپای سوریە لە بەشێک لە ناوچە سنووریەکانی ڕۆژاوای کوردستان و تورکیە بڵاوەیان پێکراوە. ئاڵدار خەلیل، بەرپرسی پێوەندییە دیپڵۆماسییەکانی تەڤدەم لە توویتێکدا ئاماژەی بەوە کرد "رێککەوتن لەبارەی پاراستنی سنوور لەنێوان هەسەدە و سوپای سووریا رێککەوتنێکی سەربازییە و باس لە چارەنووسی دەسەڵاتی خۆجێی یان بەڕێوەبردنی شار و شارۆچکەکانی دیکەی تێدانییە، بەڵکو ئەوە پێوەرێکی بەپەلەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشی تورکیا بۆ سەر سووریا". هەر لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی سپای تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوی کوردستان، لیرەی تورکیە لەسەتا ٢ دابەزیوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، بەهۆی ئەو شەڕەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٦٠ هەزار کەس لە ڕۆژاوای کوردستان ئاوارە بوون. لە ڕۆژاوی کوردستان فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیا هێزەکانی دژبەری حکوومەتی سووریەی سەر بە دەوڵەتی ئەردۆغانیان بۆمباران کرد. دوای ئەوەی کە ئەمریکا و بریتانیا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریە دا، دەوڵەتی فەڕانسەش بڕیاریدا کە هێزەکانی لە سووریە بکێشێتەوە. وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەردۆغان بەهۆی ئەو هێرشەی کە کردوویەتە سەر سووریە، بەرپرسە لە ئاکامی هەر کاردانەوەیەک کە لە داهاتوودا ڕوودەدا. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، جۆن شیمكس، ئەندامی كۆماریی ئەنجوومەنی نوێنەران ، ڕایگەیاند كە چیدی پشتگیریی ترامپ ناكات، هۆكارەكەشی بۆ سیاسەتی كۆشكی سپی لەبارەی سووریا و كاریگەرییەكانی لەسەر كورد گەڕاندەوە. رۆژێک پێشتر، سەناتۆری كۆماری، "لیندسی گراهام" و سیناتۆری دێموكراتەكان "كریس ڤان هۆڵین" پڕۆژەیەكیان خستەڕوو كە ئەگەر تێپەڕێ سزای توندی بۆ بەرپرسان و دامەزراوە باڵاكانی توركیا داناوە.