کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکیەتیی "ئووراسیا" بۆ کەمکردنەوەی دەوری گەمارۆکانی ئەمریکا

16:31 - 24 رەزبەر 2719

کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەیەکی زۆرە کە بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێ تاکوو لە گەمارۆکانی ئەمریکا دەرباز بێت بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە. هەر بۆیە لە یەکیەتیی "ئووراسیا"دا کە ڕووسیە دەوری سەرەکیی هەیە، بەشداریی کردووە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمێژ بوو کە بە دەستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە هاواری دەکرد بەڵام هیچی پێ نەدەکرا هەر بۆیە ڕێگە چارەیەکی باش وەکوو ئەندامبوونی لە یەکیەتیی ئووراسیا لەلایەن ئێرانەوە هەڵبژێردرا. یەکیەتیی ئووراسیا، ڕێکخراوێکی بازرگانییە کە لە ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست و ناوچەکانی قەفقاز دایە. هەروەها گەورەترین دەوری بازرگانی بە دەستی ڕووسییەوەیە. ئەندامانی ئەو یەکیەتییە، ڕووسیە، بلاڕووس، ئەرمەنستان، قەزاقستان و قرقیزستانن کە بڕیارە کۆماری ئیسلامیش لە ڕەوتێکی سێ ساڵەدا ببێ بە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە و بە دراوی نەتەوەیی ئێران مامەڵەی کۆماری ئیسلامی دەست پێ بکا. هەر ئێستا ناوچەیەکی ئازادی بازرگانی لەنێوان ئەو چەند وڵاتەدا دامەزراوە تاکوو بازرگانیی خۆیان بە دراوی وڵاتی خۆیان ئەنجام بدەن. جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە بەشداربوونی حەسەن ڕووحانی لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئووراسیادا وتی ئەوە دیارە کە ڕووحانی پێشکەوتووە لە جێبەجێ کردنی بڕیارەکانیدا و ئێما هیوادارین لە ڕێگەی دەریای خەزەرەوە بتوانین زیاتر کاری ئابووریی خۆمان پێش بخەین. بەپێی ئەو بڕیارنامەیە کە لە نێوان ئەو چەند وڵاتەدا واژۆ کراوە، ٨٦٢ جۆر کاڵا لەنێوان بەشداربووانی ئووراسیادا مامەڵە دەکرێ کە زۆربەی بەرهەمەکانی ئێرانین. شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکانی ئەمریکا چەندین بەرنامە و گەڵاڵەی تایبەتیی داڕشتبوو بەڵام هیچیانی بۆ پێش نەبرد و ئابووریی نێوخۆی وڵات بەرەو ڕووخان ڕۆیشتووە و ئێستا بە هیوای بەشداربوونی لە یەکیەتیی ئووراسیا، تاکوو سێ ساڵی دیکە کۆماری ئیسلامی دەبێ لە فکری چارەیەکی دیکەدا بێ بۆ باشترکردنی ژێرخانی ئابووریی ئێران.