کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵ و ڕووداوی پێوەندیدار بە ڕۆژاوای کوردستان

16:23 - 25 رەزبەر 2719

لە درێژەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک و چالاکانی مەدەنی دژ بە هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، زۆر کەس لە خۆپێشاندەران دەسبەسەر کراون و بۆ بەندیخانە گوازراونەتەوە. هەر لەو درێژەیەدا کەسێک بەناوی" موحەممەد نادری" خەڵکی شاری مەریوان کە لە خۆپێشاندانەکاندا بەشداریی کردبوو و لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجە و ئازاری هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا دۆخی جەستەیی ئاڵۆز بووە و لە شاری مەریوانەوە بۆ نەخۆشخانەی سنە ڕاگوێزراوە و ئەگەری مردنی ڕاگەیێندراوە. هەر لەو پێوەندییانەدا نوێنەرانی ئەمریکا بڕیارەکەی تڕامپ یان لەسەر ڕۆژاوا هەڵوەشاندەوە. پاش ئەوەی کە دۆناڵد تڕامپ سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتەی لە سووریەدا، دەوڵەتی تورکیە هێرشی کردە سەر ڕۆژاوای کوردستان و ئەمەش لەگەڵ ناڕەزایەتیی نێونەتەوەیی ڕووبەڕوو بووە. نوێنەرانی هەردووباڵی سیاسی لە ئەمریکا واتە دێموکراتەکان و کۆماریخوازەکانی ئەو وڵاتە بە توندی ڕەخنەیان لە تڕامپ گرت و ڕایگەیاند کە نابێ لەم هەلومەرجە‌دا کوردەکان تەنیا بن. ٣٥٤ نوێنەری ئەمریکا دژ بە بڕیارەکەی تڕامپ وەستان، کە لەو دەنگانە، ٢٢٥ دێموکرات و ١٢٩ كۆماری بوون. جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە ئەردۆغانیش لە پارلمانی تورکییە رایگەیاندبوو کە تورکیە لەگەڵ هێزە کوردییەکان وتووێژ ناکا و هیچکات کۆتایی بە شەڕ ناهێنێ. دواتر دوناڵد ترامپ لە نامەیەکدا کە بۆ ئەردۆغانی ناردبوو باسی لەوە کردبوو کە گوێ بە قسەکانی ئەمریکا بدات و خۆی بە گەورە نەزانێ. هەروەها حیزبی نێهزەتی ئازادیی ئێران ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەزبەر هێرشەکانی تورکیەی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان مەحکووم کرد و ئەو کارەی دەوڵەتی تورکیەی بە هەڵە دەستنیشان کرد. شایانی باسە کە دۆناڵد ترامپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی تورکیە و ئەمریکا کرد و وتیشی گڵۆپی سەوزی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵ نەکردووە تاوەکو ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام بدات. ئەگەر کۆبوونەوەکەیشیان سەرکەوتوو نەبێت، ئەمریکا سزای زیاتر بەسەر تورکیەدا دەسەپێنێت.