کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەچوار دەیەی ڕابردوودا لەسەتا ٢٠ی دارستانەکانی ئێران لە نێو چوون

16:29 - 25 رەزبەر 2719

لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەسەتا ٢٠ی لێڕەوار و دارستانەکانی ئێران لە نێو چوون. غوڵامڕەزا زەهتابیان" جێگری توێژینەوەی کشتوکاڵ و سەرچاوە سرووشتییەکانی زانکۆی تاران، ئاماژەی بەوە کرد لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردودا ٦ میلیۆن هێکتار لە لێڕەوار و دارستانەکانی ئێران لە نێو چوون کە لەسەتا ٢٠ی دارستانەکانی ئێران دەگرێتەوە. ناوبراو بارینی باران و هاتنی لافاوی بە لە نێو چوونی لێڕەوارەکان زانی و وتی بارینی بارانی زۆر کە دەبێتە هۆی هاتنی لافاو و ڕۆچوونی زەوی و لە ناو چوونی لێڕەوار و دارستانەکانی لێدەکەوێتەوە. شایانی باسە کە ساڵانە بە دەیان جار دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان لە لایەن کەسانی هەڵپەرەست ئاگری تێبەردەدرێ و دەسووتێندرێن و لەو ڕێگەیەوە زەوی و داهاتی وەرزێران لە ئاگر دا دەسووتێن، کەمتەرخەمیی ناوەندە پێوەندی‌دارەکان لەو بارەوە گومانی ساز کردوە کە ئەو ئاگر کەوتنانە لە ناوچە جیاجیاکان بە ئەنقەست و داڕێژارو بێ و زۆر جاریش هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران بە ئەنقەست ئاگر لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەدەن . زۆر جار ئەو ئاگرکەوتنەوانە لە لایەن ژینگە پارێزان و بە هیمەتی خەڵکی دڵسۆز دەکوژێنەوە جێگەی وەبیر هێنانەوەیە کە ساڵی ڕابردوو چەن کەس لە هاونیشتمانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لێڕەوارەکانی مەریوان گیانیان لە دەستدا.