کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرتنی زیاتر لە ٧ هەزار کەس لە هەمەدان بەبۆنەی ماددەی هۆشبەرەوە

15:03 - 27 رەزبەر 2719

بەرپرسی ڕێکخراوی بەرەنگاری لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای هەمەدان دەڵێ: "لەمساڵدا زیاتر لە ٧ هەزار کەسی تووشبوو و فرۆشیاری ماددەی هۆشبەرمان لە هەمەدان دەسبەسەر کردووە". "هادی قەزوینە" بەرپرسی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای هەمەدان لە وتووێژێک لەگەڵ ئەنجوومەنی بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ماددەی هۆشبەردا ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، حەوت هەزار و ١٤٢ کەسمان دەسبەسەر کردووە کە لەو ڕێژەیە ٤٢٥٤ کەسیان گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکان بوون و ٢٨٨٨کەسیشیان فرۆشیار و بڵاوکەرەوە و قاچاخچیی ماددە هۆشبەرەکان بوون. هادی قەزوینە لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمساڵ ڕێژەی بەکارهێنان و کڕین و فرۆشی ماددەی هۆشبەر زیاتر بووە. شایانی باسە کە جگە لە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە پارێزگای هەمەدان، چاندن و بەرهەمهێنانی خەشخاش و ماری جوانا، یەکێکی دیکە لە کێشە و گرفتەکانە. پارێزگای هەمەدان، هەناردەی جۆرەکانی ماددەی هۆشبەری بۆ پارێزگای سنە و کرماشان و شارەکانی دیکەی دەوروبەر هەیە و ڕێژەیەکی زۆری لە خەڵک، لە منداڵ و گەنج و هەروەها گەورەساڵ گیرۆدەی ئەو مادە هۆشبەرانە بوون. شایانی باسە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی خۆی سەرچاوەی گیرۆدەبوونی خەڵکە بە ماددە هۆشبەرەکانەوە. ئەو ڕێژیمە بۆتە هۆی تێکچوونی شیرازەی ژیانی خەڵک و لە ڕیگای بەکرێگیراوەکانی خۆیەوە ماددە هۆشبەرەکان بەنێو گەنجاندا بڵاو دەکاتەوە. نائومێدی لە ژیان و چارەنووسی نادیاری گەنجانی وڵات یەکێکی دیکە لەهۆیەکانی تووشبەەنی خەڵکی ئێرانە بە ماددە هۆسبەرەکانەوە و ڕێژەی ئەو کەسانەش رۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە.