کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگهێشت و دەسبەسەرکردنی هاونیشتمانیانی کورد بەردەوامە

15:10 - 27 رەزبەر 2719

بانگهێشت و دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان بە تۆمەتی بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی و مەحکوومکردنی هێرشی سپای تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان بەردەوامە. بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ناوەندی هەواڵی کوردکاناڵ، لە پێوەندیی لەگەڵ بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە هەمبەر مەحکوومکردنی هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوا، تا ئێستا ٢٧ لە چالاکان و بەشدارانی خۆپێشاندانەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکان لە شارەکانی کوردستان دەسبەسەر کراون و ١٩ کەسی‌تریش دوای لێپرسینەوە ئازاد کراون. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە دەوڵەتی تورکیە هێرشی کردە سەر ڕۆژاوای کوردستان، لەگەڵ ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵی ڕێگریکردن لە خۆپێشاندانەکان بوون، بۆ ترساندن و چاوترسێن کردنی خۆپێشاندەران کۆمەڵێک لە چالاکان و خۆپێشاندەرانیان دەسبەسەر کردووە. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زۆربەی شار وناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و مەحکومکردنی کردەوەی دژی مرۆیی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان هاتنە سەر شەقامەکان و لەو پێوەندێدا هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە لە هەموو کۆبوونەوەیەک و یەکگرتنی کورد دەترسێن، دەستیان دایە گرتن و دەسبەسەر کردنی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەک کە تا ئێستا ٢٧ کەس دەسبەسەر کراون و ١٩ کەسیش دوای لێپرسینەوە و وەرگرتنی بەڵین‌نامە ئازاد کراون. کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیانهەوی بە گوشار خستنە سەر چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ژینگە پارێزی، خەڵک بترسێنن و ڕێگری لە هاوسۆزی و هاودەردی و چالاکییەکانیان لەگەڵ خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان بکەن.