کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانەکانی خەڵکی عێراق بەردەوامە

15:02 - 19 خەزەڵوەر 2719

خەڵکی عێراق بۆ دژایەتی گەندەڵی و دەستەبەرکردنی مافەکانیان ماوەیەکە بەردەوام لەسەر شەقامەکانن و خۆپێشاندانەکان تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتۆتەوە. خەڵکی عێراق کە دەمێکە بەدەست گەندەڵیی سیستەمی بەڕێوەبەریی وڵاتەکەیانەوە دەناڵێنن، بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەستیان دایە خۆپێشاندانێکی یەکگرتوانە و دەوڵەتی ئەو وڵاتەیان ناچار کرد کە گۆڕانکاری لە شێوەی ئیدارەی دەوڵەت و کابینەکەیدا پێکبێنێ، کۆمەڵێک بڕیاری چاکسازی بدا و مووچەی بەرپرسانی پلە یەکی وڵاتەکەی کەم بکاتەوە و بیرێک لە دۆخی گوزەرانی خەڵکەکەی بکاتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە حکوومەتی "عادل عەبدولمەهدی" کۆمەڵێک بڕیاری چاکسازیی داوە، بەڵام خۆپێشاندەران لەگەڵ ئەوەی کە لەگەڵ توندوتیژی هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوڕووبوونەوە، تا ئێستاش لە خۆپێشاندانەکانیان بەردەوامن. لە خۆپێشاندانەکاندا تا ئێستا ٣٠٦ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥ هەزار کەس بریندار بوون، بەڵام خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەو وڵاتە لە دەست گەندەڵی و بێکاری، تا ئێستاش باوەڕیان بە قەول و بەڵێنەکانی دەوڵەت نەهێناوە و لە زۆربەی شارە شیعەنشینەکان و بە تایبەت لە بەغدا و لە مەیدانی "تەحریر"ی ئەو شارە بەردەوامن و داوای جێبەجێکردنی ویست و داخوازییەکانیان دەکەن. کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە هەر خەریکی دەستێوەردانە لە کاروباری ئەو وڵاتەدا و بۆتە هۆی ناکۆکی و دووبەرەکی لەنێو خەڵک و حیزبەکان و چاندنی تۆوی فیتنە و ئاژاوە و دەیهەوێ هەموو بڕیارێک کە لەو وڵاتە دەردەچێ، مۆرکێکی ئەوی پێوە بێ. هەر بۆیە خۆپێشاندەرانی عێراقی لەگەڵ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە سیاسەتمەداران و حیزبەکان و سیستەمی بەڕێوەبەریی وڵات، دژ بە دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامیش دروشمیان دا، کۆنسۆلخانەی ئێرانیان لە کەربەلا سووتاند و و داوایان کرد کە لە وڵاتەکەیان بچێتە دەرەوە. بێگومان یەکگرتووی و یەکڕیزی خەڵک چۆک بە دەسەڵاتداران دادەدا و ناچاریان دەکا کە ڕێز لە ویستی خەڵک بگرن و ماف و داواکارییەکانیان جێبەجی بکا.