کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەناوبردنی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان بەردەوامە

15:49 - 19 خەزەڵوەر 2719

لە ماوەی ڕابردوودا لە ناوچەکانی دەوروبەری شاری پاوە، هەندێ حاڵەتی ئاورکەوتنەوە ڕووی داوە کە بووەتە هۆی لەناوچوونی دارستانەکان و زیانێکی جیددیی بە ژینگەی کوردستان گەیاندووە. هەموو ساڵێک بەهۆی تۆپباران و ئاورکەوتنەوە و هەندێ جاریش بەهۆی بڕینی دارستانەکانەوە خەسارێکی ژینگەیی بە دارستانەکانی زاگرۆس دەگەیێندرێ. ئەو خەسارانە دەتوانن ببنە هۆی ئەوەیکە لە چەند ساڵی داهاتوودا، ژینگەی زاگرۆس بەرەو فەوتان بچێ و دەرفەتێک بۆ بووژانەوەی ئەو لێڕەوارانە نەمێنێ. زۆر جار دەبینین کە بەهۆی تۆپبارانەکان و مانۆڕە نیزامییەکانی سپای پاسدارانەوە دارستانەکانی زاگرۆس ئاوریان تێ بەردەبێ و دەبێ خەڵكی ناوچەکە بۆ خۆیان و بە هەوڵی خۆیان ئاورەکە بکوژێننەوە یان هەندێ جار بەهۆی ئاورکردنەوەی بەئانقەست بەشێک لە لێڕەوارەکان دەسووتێن. هەروەها لە چەند مانگی ڕابردوودا، بڕینی لە ڕادەبەدەری دار بەڕوەکانی شاری پاوە و کرماشان دەنگی ئەنجومەن و ڕێکخراوە ژینگەییەکانی بەرزکردۆتەوە. هەر لەوبارەوە چەند ئەنجومەنێکی ژینگەپارێزی، هەڵوێست و ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە بڕینی زیاد لە ئەندازەی دارەکانی شاری پاوە و کرماشان دەربڕیوە. ناوەندەکانی ژینگەپارێزی و سەرچاوە سرووشتییەکانی کرماشان بڕیار بووە کە پێش بە بڕینی دارەکان بگرن و لەگەڵ ئەو کەسانە بەشێوەی جیددی بەرەوڕوو ببنەوە، بەڵام بە وتەی چەند لایەنی ئاگادار هیچ هەوڵێک لەوبارەوە نەدراوە. جێگای ئاماژەیە کە لە شاری مەریوان، بە هیممەتی ئەنجومەنی "سەوزی چیا"ی مەریوان هەڵمەتێکی بەهێز بۆ چاندنی داری بەڕوو بە هاوکاری خەڵکی ئەو ناوچەیە بەرێوەچوو.