کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێبڕکێی دزی و گەندەڵیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی

16:05 - 19 خەزەڵوەر 2719

لە سیستمی بەڕێوەبەری و ئابووریی کۆماری ئیسلامیدا هەر بەرپرسێکی ساددە تا کاربەدەستێکی پلە باڵای ڕێژیم، دەستی لە گەندەڵی و دزینی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران هەیە و بەداخەوە، ئەو کردەوە نەشیاو و قێزەونە بووەتە دیاردەیەک کە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی داگرتوە. لە کاتێکدا هەژاری لەڕادەبەدەر و قەیران ڕووی لە خەڵکی ئێران کردووە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە مەترسی داڕمان و لەناوچوونی خۆیان هەست پێدەکەن زیاتر لەجاران هەوڵی دزی وتاڵانکردنی سامانی خەڵکی ئێران دەدەن و لەگەڵ چوونە سەری ئاستی هەژاری و مایەپووچ بوونی خەڵک و داخرانی کارگە بەرهەمهێنەرەکان و زیادبوونی بێکاری و خۆکوژی و ماڵوێرانی خەڵک ئاستی سامان و دارایی ئەوانیش زیاد دەبێ. وای لێهاتووە کە دزی و گەندەڵی بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆتە کێبەرکێ و پیشەی ڕۆژانەیان و هەرکامیان هەوڵی دزی زیاتر لەوی تریان دەدەن و جارو باریش کە لە سەر بەشی زیاتر تێکدەگیرێن، دزییەکانی یەکتر دەخەنەڕوو تاڕاددەیەک کە کەس نایشارێتەوە کە دزی و گەندەڵی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی ئاخوندەکانی تەنیوە. لە تازەترین لێدواندا "ئەمیر خوجەستە" سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی ڕێژیمی ئاخوندی دەڵێ کە سامانی زۆربەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ٢٠٠٠میلیارد تمەن زیاترە و کەسیش لێپرسینەوەی لێناکرێ. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەر بەپێی ئاماری خودی ڕێژیم لەسەتا ٤٢ی بێکارانی ئێران دەرچووی زانکۆکانن، لەسەتا ٨٠ی ئەو ژنانەش کە کاردەکەن بیمەیان نییە، لەسەتا ٢٥ی کارگە پیشە دەستییەکان داخراون و ڕۆژ نییە چەندین کارگە دانەخرێن و، تا دێت ئاماری هەژاری و خۆکوژی هەڵدەکشی و سامانی خەڵکی ئێرانیش زیاتر بە تاڵان دەبرێت.