کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانپێدانانی دەسبەسەر کردنی رابرت لوینسۆن لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە

16:07 - 19 خەزەڵوەر 2719

دوای تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ بەسەر دەسبەسەرکردنی رابرت لوینسۆن، کۆماری ئیسلامیی ئێران دانی بەوە داناوە کە ناوبراو لە ئێران دەسبەسەر کراوە و ئێستا پەروەندەی قەزایی بۆ کراوەتەوە. رابرت لوینسۆن، شارۆمەندی ئەمریکایی کە لە ئیدارەی "ئێف بی ئای" ئەمریکا کاری دەکرد، ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی لە دوورگەی "کیش"، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو و لەو ساڵەوە هیچ هەواڵێکی نەبوو و بێسەروشوێن بوو. لەماوەی ئەو ١٢ ساڵەدا کۆماری ئیسلامی هیچ کات دانی بەوە دانەناوە کە رابرت لوینسۆن لە ئێران دەسبەسەر کراوە و هیچ وەڵامێکی بە ئەمریکا و کاربەدەستانی ئیدارەی ئێف بی ئای ئەمریکا نەداوەتەوە، بەڵام سەرەنجام ڕۆژی شەممە ١٨ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە پەروەندەیەکی بۆ ڕابرت لوینسۆن کردۆتەوە و بڕیارە دادگایی بکرێ. هەربۆیە بنەماڵەی ناوبراو داوایان لە کۆماری ئیسلامی و دەزگا پێوەندیدارەکان کردووە کە هۆکاری دەسبەسەر کردنی و هەروەها چۆنیەتیی دەسبەسەر کردنەکەی باس بکەن، بەڵام وەک هەمیشە هیچ وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە. بنەماڵەی لوینسۆن دوای ١٢ ساڵ بێ هەواڵی لە "رابرت" کە لە سەفەرێکی ئێراندا بێسەروشوێن بوو، بە یەکەمین ڕاگەیێندراوی کۆماری ئیسلامی کە ڕایگەیاندوە بڕیارە ڕابرت لوینسۆن دادگایی بکرێ، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەلای پارێزەری ناوبراو کە کەسێکی ئێرانییە هەڵوێستی خۆیانیان راگەیاند و داوایان کردووە کە بزانن بە چ تاوانێک دەسبەسەر کراوە و تۆمەتەکەی چییە. شایانی باسە کە پارێزەری رابرت لوینسۆن ڕایگەیاندووە کە بڕیاری کۆماری ئیسلامی بەو شێوەیە بووە کە نابێ هیچ شوێنکەوتن و داوا کردنێک بۆ هەواڵ و چۆنیەتیی ناوبراو بکرێ تاکوو پڕۆسەی یاسایی خۆی تەواو دەکات. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەماوەی حەوتووی ڕابردوودا ٢٠ میلیۆن دۆلاری وەک خەڵات دیاری کرد کە هەواڵ و زانیاری سەبارەت بەو دەسبەسەر کراوە ئەمریکاییە بدەنە دەزگا پێوەندیدارەکانی ئەمریکا. هەرچەند ڕابرت لوینسۆنی ئەمریکی ماوەی ١٢ ساڵە لە ئێران دەسبەسەر کراوە، بەڵام کەسانی دیکەش چەند ساڵێکە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدان و کەس ئاگای لە دۆخی ئەوان نییە.