کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاریی خوێندکارانی ئێران ڕووی لە زیاد بوونە

16:35 - 19 خەزەڵوەر 2719

نوێترین ئامارەکانی کۆماری ئیسلامی کە لەلایەن هەواڵدەری و ناوەندەکانی راگەیاندنەوە بڵاو بووەتەوە، باس لەوە دەکرێ کە سەتا ٤٢ی بێکارانی ئێران ئەو کەسانەن کە خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە. بەرێوەبەری پیشەسازی و وەزارەتی کۆماری ئیسلامی لە هەواڵێکدا ڕایگەیاندووە کە بەپێی ئامارەکانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، سەتا ٤٢ ی بێکارەکانی ئێران ئەو کەسانە پێکی دێنن کە خوێندنی باڵایان لە زانکۆکان تەواو کردووە و زیاتر لە سەتا ٨٥ی ئەو کەسانەی کە بەدوای کاردا دەگەڕێن، هیچ شارەزاییەکیان لە بوارەکانی کاری پیشەییدا نییە. هەروەها وتی: شێوە و پێکهاتەی بازاڕی ئێران جۆرێکە کە تەنها سەتا ١٥ تا ١٧ی خوێندکاران دەتوانن کاری تێدا بکەن. هەر لەو پێوەندییەدا جێگری بەڕێوەبەری شووڕای شۆڕشی فەرهەنگیی ئێران لەوبارەوە دەڵێ: بێکاریی گەنجانی خوێندەوار زۆر زیادی کردووە و ڕووی لە زیاد بوونە. شایانی باسە کە باری ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران و دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە بەرەو داڕمان دەڕوات و سیستمی ئابووریی ئێران کە هەموو بەشەکانی پێکەوە گرێ دراوە، لە بێکاری و بێ بازاڕیدا کاریگەریی خۆی لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان و ئابووریی وڵات دادەنێ و دەتوانێ داهاتووی ئێران بەرەو ئاقارێکی خراپتر ببا. بازاڕی ئێران بەشێوەیەک کە پێویستە، فرۆش و مامەڵەی تێدا ناکرێ و بەرهەمەکان و کاڵاکان بەسەر دەستی فرۆشیارەکانەوە ماوەتەوە.