کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندان و ئاڵۆزی لە شاری ئەهواز

15:42 - 20 خەزەڵوەر 2719

ئێوارەی دوێنێ ١٩ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەهواز ڕژانە سەر شەقامەکانی ئەو شارەو دروشمی دژی ڕێژیمیان بەرزکردەوە. بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئەهواز، خەڵکی ئەوشارە پاش بیستنی هەواڵی کوشتنی شاعیری لاوی ئەهوازی "حەسەن حەیدەری" کوڕی ناسر تەمەن ٢٩ ساڵە، ڕژانە سەرشەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەربڕی کە پاش هاتنی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم ئاڵۆزی لێکەوتەوە و لە گەڕەکی "کووت عەبدوڵا" خەڵک ئاگریان لە ماشێنی هێزە ئەمنییەکان بەردا و هێزەکانی رێژیم بە گوللە وەڵامی ناڕازیانیان دایەوە. هەواڵەکان باس لەوەدەکەن کە "حەسەن حەیدەری"لە لایەن ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە لە نەخۆشخانەی ئەهواز ژەهرخوارد کراوە. تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئاماری دروستی کوژراو و بریندارەکان لە بەردەستدا نییە. شایەنی باسە کە "حوسەین حەیدەری" شاعیری ئەهوازی پێشتر چەند جار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی رێژیمەوە بە هۆکاری نووسین و بڵاوکردنەوەی شێعری نەتەوەیی و دژە ئایین، دەسبەسەرکرابوو. پێویستە بگوترێ کە کۆماری ئیسلامی بەرگەی بچووکترین دەنگی ناڕازی ناگرێ، تەنانەت خەڵکی عێراق و لوبنانیش دەیان ڕۆژە دژ بە ئاژاوەگێڕییەکانی ئێران لە وڵاتەکەیاندا خۆپێشاندان دەکەن و لە وێشدا بە فەرمان و هێزی کۆماری ئیسلامی خوێنی خەڵک دەڕێژرێ.