کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا کۆماری ئیسلامی بە دەستێوەردان لە کاروباری عێراق تۆمەتبار کرد

16:00 - 20 خەزەڵوەر 2719

دەوڵەتی ئەمریکا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە دەستیوەردان لە کاروباری عێراق تۆمەتبار کرد و داوای کرد کە لە عێراق هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێ. خەڵکی عێراق بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و دژ بە گەندەڵی ئیدارە و بەڕێوەبەریی وڵات زیاتر لە مانگێکە شەو و ڕۆژ لەسەر شەقامەکانن و تا ئێستاش ئەو خۆپێشاندانە هەر بەردەوامن. لە ماوەی خۆپێشاندانەکاندا تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ کەس کوژراون و ١٥٠٠٠ کەس بریندار بوون. دەوڵەتی ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تاوانبار کرد کە لە ڕێگەی چەکدارەکانی خۆی و هێزە عێراقییەکانی سەر بە ڕێژیمەکەی دژی دەربڕینی بیروڕای خەڵکە لەو وڵاتەدا. تا ئێستا ئەوەی کە لە کورتە ڤیدیۆ و لێدوانەکانی خۆپێشاندەران و هێندێک سەرچاوە و مێدیادا باسکراوە و دەبینرێ، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی هەبووە لە تەقەکردن لە خۆپێشاندەران و بەتەقەی ئەو هێزە چەکدارانە خەڵکێکی زۆر کوژراوە و بریندار بووە. ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان و دەوڵەتی ئەمریکا و چەند دەوڵەت و لایەنی تر دژ بە کوشتن و سەرکوتی خۆپێشاندەران هەڵوێستیان گرتووە و داوایان کردووە کە هەرچی زووتر کۆتایی بەخوێن ڕشتن بێت و دەوڵەتی عێراق هەڵبژاردنێکی پێشوەخت ئەنجام بدا. پێشتریش ڕێکخراوی لێبوردنی گشتی ڕایگەیاند کە زۆر لە خۆپێشاندەران بە گازی فرمێسکڕێژی دروستکراوی ئێران گیانیان لەدەستداوە. شایانی باسە کە خۆپێشاندەرانی عێراقی دژ بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەیاندا دروشم دەدەن و تا ئێستا چەند جارێک ئاڵا و وێنەی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامییان سوتاندوە و کۆنسۆلخانە و ماڵی چەند کەسێکی عێراقی نزیک لە کۆماری ئیسلامییان ئاگر تێبەرداوە.