کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەندپات بوونەوەی سێناریۆ دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ڕێژیم لە بەرەبەری هەڵبژاردندا

16:02 - 20 خەزەڵوەر 2719

لەسەفەری ڕۆژی یەکشەممەی "حەسەن ڕووحانی" سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئاخوندی بۆ یەزد، شانۆی درۆی دژی یەکتر قسەکردنی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە زەق کرایەوە. سەرۆککۆماری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە رۆژی یەکشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی لە شاری یەزد قسەی لە گەندەڵی و دزیی گەورەکان و بەتایبەت ٣ میلیارد تمەنەکەی بابەکی زەنجانی دەکرد، ناڕاستەوخۆ ڕووی قسەکانی کردە سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیم و ڕایگەیاند: "ئەگەر بەڕاستی باسی گەندەڵی و دزی دەکەن بۆچی باسی گەندەڵە گەورەکان ناکەن، ئەگەر دەتانەوێ چارەسەری کێشەکان بکەن لە خۆتانەوە دەستپێکەن کە خۆتان سەرچاوەی گەندەڵییەکانن". هاوکات لە گەڵ ئەو قسانەدا ژمارەیەک لە بەسیجییەکان و سپاییەکان بە بەرزکردنەوەی وێنەی خامنەیی دژی ڕووحانی دروشمیان دا و ناوبراویان بە هۆکاری سەرەکی داڕمانی ئابووری وڵات ناوبرد و توانیان بۆ ماوەیەک قسەکان بە "ڕووحانی"ببڕن و ئاڵۆزی بنێنەوە. شایەنی باسە کە هەموو جارێ لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکاندا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دژ بەیەک و بە شێوەیەکی ڕێگە پێدراو و بەرنامە بۆ داڕیژراو گەندەڵییەکان و دزییەکان و هۆکاری گەیشتنی ئێران بەم دۆخە کە ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێ دەخەنە ئەستۆی ئەوی دیکە. گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا گەیشتۆتە جێگەیەک کە سەرتاپای ئەو ڕێژیمەی تەنیوە و سەرۆک کۆماری ڕێژیمیش ناتوانێ حاشای لێبکا. لەگەڵ ئەوەی کە کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ مەبەستە تایبەتییەکانی خۆیان باسی گەندەڵی دەکەن، بەڵام گەندەڵی لە خۆیان و لە شەخسی عەلی خامنەیی و بنەماڵەکەیەوە دەستیپێکردوە و دەستیان بەسەر سەروەت و سامانی ئێراندا گرتوە و ژیانیان لە خەڵکی ئەم وڵاتە تاڵکردووە.