کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆزینەوەی ناوچەیەکی نەوتیی گەورە لە ئێران

22:22 - 20 خەزەڵوەر 2719

بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەکانی پسپۆڕانی نەوتی ئێران، ناوچەیەکی گەورەی نەوتی لە ئێران دۆزراوەتەوە کە لە نزیک مەیدانە نەوتییەکانی ئەهواز دایە. بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران، ئەمڕۆ لە کۆنفڕانسێکی هەواڵدەریدا باسی وردەکارییەکانی مەیدانێکی گەورەی نەوتیی لە ئەهواز کرد. حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ئەو ناوچە نەوتییەیان بە " ناوئاوەران" ناوە ناوە لە نزیکی پارێزگای ئەهواز دایە و هەروەها باسی لەوە کرد کە ئەوە دووەمین ناوچەی گەورەی نەوتیی ئێرانە کە تا ئێستا لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بینراوەتەوە. شایانی باسە کە پێشتر وڵاتی ئێران چەند ناوچەیەکی گەورەی نەوتیی وەکوو مەنسووری و سووسەنگرد هەبوو و ئەمەش دەبێتە سێهەم ناوچەی نەوتیی لە ئێران . بە وتەی بیژەن زەنگەنە، پسپۆرانی ئێرانی لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوییەوە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن کە ئەندازەی پێشووی ئەو لایە نەوتییە ٣١.٣ میلیارد بەرمیل نەوت بووە و ئێستا رادەیەکی زیاتر لە ٢٢ میلیارد بەرمیل نەوتی تێدا ماوەتەوە. جێگای ئاماژەیە کە ئەو ناوچە نەوتییە دەتوانێ پلەی ئێران لە بەرهەمهێنانی نەوتدا لە وڵاتانی جیهان بباتە سەرێ، بەڵام کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران وایکردووە کە نەک هەر نەتوانن نەوتە تازەکەیان بفرۆشن، بەڵکوو ئەو نەوتە پێویستیی بە تێکنۆلۆژیی پێشکەوتوو هەیە کە ئێران ئیجازەی هاوردەکردنی ئەو سیستمە نوێیانەی لە دەرەوە نییە. شایانی باسە کە ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و کانگەی ژێر زەوی، بەڵام گەندەڵی و دزینی سامانی ئەو وڵاتە لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سوودێکی ئەوتۆی بە گەلانی ئێران نەگەیاندووە. نەوت لەم وڵاتە بەجێی ئەوەی ببێتە هۆی خێروخۆشی بۆ خەڵکی ئێران، بەداخەوە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی داهاتەکەی و ڕەوانەکردنی بۆ میلیشیا و گرووپە تێرۆریستییەکانی جیهان، دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە و هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی چەکی ناوکی، بۆتە هۆی نەهامەتی بۆ خەڵک و بێجگە لە برسیەتی و هەژاری سوودیکی ئەوتۆی بۆ باشتربوونی ژیانی خەڵکی ئێران نەبووە.