کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتن و بریندار بوونی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد

14:58 - 21 خەزەڵوەر 2719

کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا و دوو کۆڵبەریش بریندار بوون. بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ ی هەتاوی، لە شاری بانە، دەستەیەک لە کۆڵبەران کەوتنە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک بە ناوی "تاهیر حوسێنی" خەڵکی گوندی "سەدباری" بانە گیانی لە دەستدا. هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی، لە سنوورەکانی پیرانشار دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی"سیروان سەعادەت‌نیا" خەڵکی گوندی "دلاوەران"ی پیرانشار و "کەماڵ" خەڵكی گوندی "بادیناوێ" کەوتنە کەمینی هێزەکانی سەر سنوور و بە توندی بریندار بوون، ئەو دوو کۆڵبەرە بۆ چارەسەر کردنی برینەکانیان بۆ نەخۆشخانەی چۆمان لە هەریمی کوردستان ڕاگوازران. جیگەی ئاماژەیە کە کۆڵبەری لە سنوورەکانی کوردستان کارێکی پڕ لە مەترسییە و بە هۆی نەبوونی کار، کەسانێک بە ناچار ڕوویان کردۆتە کاری کۆڵبەری، بە شێوەیەک کە کۆڵبەران هەموو ڕۆژێک بۆ پەیداکردنی بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکەیان لەگەڵ مەرگ بەرەوڕوو دەبنەوە و ساڵانە بە سەدان کەس بە بیانووی هەڵگرتنی کەلوپەلی قاچاخ لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەکەوەنە بەر دەسڕێژی گووللە و گیانیان لە دەست دەدەن یا بریندار و نقوستان دەبن.