کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وڵاتانی ئورووپایی هەڕەشە لە کۆماری ئیسلامی دەکەن

16:21 - 21 خەزەڵوەر 2719

دوای دەسپێکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی، وڵاتانی ئورووپایی هەڕەشەی سەپاندنەوەی گەمارۆکان دەکەن. دوای ئەوەی کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاری دەسپێکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی دا، وڵاتانی بریتانیا و ئاڵمان و فەڕانسە داوایان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد کە لە بریارەکەی پاشگەز بێتەوە و ئەگەر بە بڕیارەکەیدا نەچێتەوە، گەمارۆکان بۆ سەر ئێران دەستپێدەکەنەوە. ئەو وڵاتانە داوایان لە کۆماری ئیسلامی کرد کە پابەندی ڕێککەوتنی بەرجام بێ، بەڵام کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ پێنج لەسەد زیاد کردووە و بەو پێیە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕۆژانە پێنج کیلۆونیو زیاد دەکا. کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گوشار خستنە سەر وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئورووپاییەکان، هەنگاوی چوارەمی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دەسپێکرد، بەڵام دەوڵەتانی ئورووپایی ڕایانگەیاند کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی پابەندی خاڵەکانی ڕێککەوتننامەی بەرجام نەبێ، گەمارۆکانیان بۆ سەر ئێران دەسپێدەکەنەوە. شایانی باسە کە دەوڵەتی ئەمریکا زیاتر لە ساڵێکە گەمارۆکانی بۆسەر ئێران دەسپێکردۆتەوە و گورزێکی گەورەی لە ئابووریی ئێران داوە. بەدەسپێکردنەوەی گەمارۆکانی ئورووپاش بۆ سەر ئێران، دۆخی ئابووریی ئەم وڵاتە لەگەڵ قەیرانێکی گەورە بەرەوڕوو دەبێتەوە.