کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەفتاویەکەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی دڵداری شاعیر

16:43 - 21 خەزەڵوەر 2719

ئەمڕۆ ٧١ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستا دڵداری شاعیردا تێدەپەڕێ. مامۆستا دڵدار ساڵی ١٩١٨ی زایینی لە شاری کۆیە لە دایکبووە و بەداخەوە لە ساڵی ١٩٤٨ی زایینی لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیی کۆچی دوایی کردووە. مامۆستا دڵداری شاعیر و نیشتمانپەروەر، هۆگری هۆنراوەکانی حاجی قادر و بی بێکەس و وەفایی و پێرمیرد، خاوەنی چەند بەرهەمێکە کە یەکێک لە هۆنراوە بە ناوبانگەکانی ئەو شاعیرە مەزنەی کورد، سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب"ە. ئەی ڕەقیب ئەو سروودەی کە بۆتە سروودێکی نیشتمانی و هەموو کوردی لە دەوری یەک کۆکردۆتەوە. سروودی ئەی ڕەقیب لە هونەری هەستانەو و بەرەنگاریدا جێگەی تایبەتی خۆی هەیە. ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان بۆتە وێردی سەر زمانی تێکۆشەرانی سیاسی کورد و نیشتمانپەروەران و جەنگاوەرانی کورد و ئەو سروودە تێکەڵ بە خوێنیان بووە و کردوویانەتە سروودی نەسرەتن و نەبەزین. ئەگەر چی ڕەقیبەکانی کورد بە هەموو شێوەیەک ویستیان کورد لەنێوبەرن، بەڵام کورد بە سروودی ئەی ڕەقیبەوە ئاڵای کوردی لەسەر لوتکەی چیابەرزەکانی کوردستان هەڵکرد و هەروەک دەبینین ئەمڕۆ لەگەڵ سروودی ئەی ڕەقیب دەنگی کورد لەهەموو شوێنێکی جیهان دەبیسرێ و ئەم سروودە بۆتە سروودی هەرمان و ڕابوون و نەسرەوتن بەرەو ئامانجی پیرۆز و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان. لە ٧١ەمین ساڵوەگەڕی ئەو شاعیرە مەزنەی کورددا پێویستە گەلەکەمان هەرچی زیاتر یەکدەنگ و یەکگرتوو بێ بۆ بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم و ناعەداڵەتی و سروودی ئەی ڕەقیب بکەینە سەرمەشقی خەبات و نەسرەوتن و بەرخۆدان تا ئێمەش وەک گەلانی دیکەی جیهان لە نیشتمانی کورددا خاوەن ماف و ئازادی و کیانی خۆمان بین.