کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارەکانی قاسم سولێمانی هێزە سیاسییەکانی عێراقی بە دژی خەڵکی ئەو وڵاتە کۆکردەوە

16:44 - 21 خەزەڵوەر 2719

بە پێی هەواڵی هەواڵدەری فەرانسە، بەرپرسانی عێراق پاش دانیشتن لە گەڵ قاسم سولێمانی فەرماندەی سپای قودسی کۆماری ئیسلامی لەسەر سەرکوتی خۆپیشاندەران و مانەوەی حکوومەتەکەی "عادل عەبدولمەهدی" ڕێککەوتن. هەواڵدەری فەڕانسە هەروەها ڕایگەیاند کە پاش ئەو ڕێککەوتنە هێزە سەرکوتکەرەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی هێرشەکانییان بۆسەرخۆپیشاندەران زیاد کردوە، بەڵام خەڵکی ناڕازی عێراق سوورن لەسەر داواکارییەکانیان کە هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتە وداوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن و بەردەوامن لە خۆپێشاندان . شایەنی باسە کە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمریکاش بە جیا هەڵوێستی خۆیانیان لەوبارەوە ڕاگەیاند و داوایان لە حکوومەتی عێراق کرد ڕێز لە داخوازیی خۆپێشاندەران بگرێ و تەقە لە خەڵکی خۆیان نەکەن و نەکەونە ژێر هێژموونی و ئەجێندای کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو وڵاتەدا ئەنجام بدەن. شایەنی باسە کە "ئایەتوڵا سیستانی " گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراق لەو ڕێکەوتنەی لایەنەکانی عیراقدا نییە و لە زاری کەسێکی نیزیک لە سیستانییەوە ئەو هەڵوێستەی ناوبراو دووپات کرایەوە. جێگەی ئاماژەیە کە بە پێی ئاماری فەرمی هەواڵدەرییەکان، لەسەرەتای خۆپێشاندانەکانی عیراقەوە هەتا ئێستا ٣٢٠ کەس کوژراون وزیاتر لە ١٥هەزارکەس بریندار بوون کە بە پێی هەواڵ و وێنەکان چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامی راستەوخۆ تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپێشاندەران دەرکردنی کۆماری ئیسلامییە لەو وڵاتە، هەربۆیە هەڵیانکوتاوەتە سەر باڵویزخانەو کونسوولگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی و ئاڵای کۆماری ئیسلامی خستۆتە ژیر پێیانەوە و وێنەی رێبەرانی ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامییان دڕاندووە و ئاگریان تێبەرداوە.