کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئیران سەبارەت بە خۆپیشاندانی جەماوەری عەرەب لە ئەھواز .

06:14 - 22 خەزەڵوەر 2719

ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەزەڵوەر لە کاردانەوە بە مەرگی گوماناوی شاعیرێکی عەرەبی گەنجی نەیاری کۆماری ئیسلامی بە ناوی "حەسەن حەیدەری" لە شار و ناوچە و گەڕەکەکانی ئەهواز و لەوانە "شادگان" و "کوت عبداللە" خۆپیشاندانی گەورەی ئیعترازی بەڕێوە چوو و ڕۆژی دووشەممەش ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە بەردەوام بوو. سەرەڕای ئەوەی کە هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لەوپەڕی بێ دەنگی تەرمی ئەو شاعیرە گەنجەی بەخاک سپارد، بەڵام ڕێ و ڕەسمی پرسەی "حەیدەری" بوو بە خۆپیشاندانێکی گەورەی بەرینی جەماوەری و بە هەزاران کەس لە خەڵک عەڕەبی ئەھواز تێیدا بەشدار بوون. پێنج ساڵ لەمەوبەریش شاعیرێکی بەناوبانگی دیکەی عەرەب بە ناوی "سەتاری سیاحی" ناوسراو بە "ئەبوو سروور" بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا. مەرگی ناوبراویش ئیعتراز و ناڕەزایەتی جەماوەری لێکەوتەوە، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە زوو سەرکوت کرا و ڕەنگدانەوەی ئەوتۆشی لە میدیا لێ نەکەوتەوە. خاڵیی جێی سرنجی ئەم خۆپیشاندانە جیا لە خواست و داواکارییەکانی، مانەوەی شەوانەی خەڵک بوو لە سەر شەقام بۆ ماوەیەکی چەند دە کاتژمێری. ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای هاوخەمی دەربڕین بۆ مەرگی ئەو شاعیرە گەنجە عەرەبە بەهەڵوێستە، لە خواستی گەلی عەرەب و خۆپیشاندانەکانیان پشتیوانی دەکات.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی ١٢ی نوامبری ٢٠١٩ی زایینی