![](/files/mahamadzadahamad.jpg)
ئێوارەی رۆژی هەینی 17ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی ، محەممەد زاد ئەحمەد ناسراو بە(محەممەد قۆچخان) بەهۆی نەخۆشیەکی کوتوپڕ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
کاک محەممەد زادئەحمەد، کەسایەتیکی خۆشناو و جێگای متمانەی خەڵکی شاری شنۆ و دەوروبەری بوو، جیا لەوەی لەناو خەڵکدا خاوەن رێزی تایبەت بوو، هاوکات هەستی نیشتیمان پەروەری و بوونی لەبنەماڵەیەکی دێموکرات پەروەردا، ناوبراویان زیاتر کردبووە جێگای متمانەی خەڵک و بە چاوی رێزەوە لێیان دەڕوانی.
کاک محەممەد بە دەرککردن بە هەستیاری و کێشەو گرفتەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک، بە هەستێکی دڵسۆزانە و خەمخۆرانە لەهەوڵی کار ئاسانی و چارەسەری کێشەی خەڵکدا بوو ئەوەی لە دەستی هاتبا درێغی نەدەکرد.
بنەماڵەی زادئەحمەد رابردوویەکی دوورو درێژیان لە خەبات و تێکۆشان لە ریزەکانی حیزبی دێموکراتدا هەیە و لەبەر هەستی نیشتمان پەروەریان لەگەڵ زۆر سەختی و گرفت بەرەوڕووبوونەتەوە، ، کاک محمد زادئەحمەد برای پێشمەرگە و خەباتگێڕی کۆچ کردوو کاک برایم قۆچخان باوکی دوو ئەندام و پێشمەرگەی ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەناوەکانی کاک هێمن و خوشکە شەهێن زادئەحمەد بوو.
لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی کاک محەممەد زادئەحمەد و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.