کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستانی سعوودی چەواشەکاریی کۆماری ئیسلامیی مەحکووم کرد

15:53 - 22 خەزەڵوەر 2719

ڕۆژێک دوای ڕاپۆرتی ئاژانسی وزەی ناوکی کە ئاماژەی بە هەبوونی یۆرانیۆم لە یەکێک لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران کردبوو، عەرەبستانی سعوودی، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی مەحکووم کرد. ئاژانسی وزەی ناوکی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە کۆماری ئیسلامیی ئێران یۆرانیۆمی لە ناوەندێکی ئەتۆمی هەبووە و هیچی لەوبارەوە بە ئاژانس وزەی ناوکی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕانەگەیاندووە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە ئاژانسی وزەی ناوکی سەبارەت بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی نیگەران بێت. هەر لەو پێوەندییەدا عەرەبستانی سعوودی داوایکردووە کە کۆماری ئیسلامی زیاتر هاوکاریی ئاژانس بکا و چەواشەکاری و فێڵبازیی ئەو ڕێژیمەی مەحکووم کردووە. عەرەبستان لەوبارەوە لە بەیاننامەیەکدا داوا لە ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەکا تا زانیاریی زیاتر سەبارەت بە ناوەندە ئەتۆمییەکان و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی وەدەست بێنێ. شایانی باسە کە دوای بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵەی ئاژانسی وزەی ناوکی، وڵاتانی بریتانیا و فەڕانسە و ئاڵمان ڕایانگەیاند کە کۆماری ئیسلامی دەبێ هەرچی خێراتر بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی بەرجام و بە بەڵێنەکانی پێبەند بێ تاکوو دۆخی ئێران و ڕێککەوتنی بەرجام تێک نەچێ. شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا پشکێنەرێکی ئاژانسی وزەی ناوکی بە تۆمەتی هەڵگرتنی ماددەیەکی گومانلێکراو گەڕاندەوە بۆ ڤییەن و ڕێگەی بە مانەوەی ئەو پشکێنەرە نەدا. کۆماری ئیسلامی کە بڕیار بوو بە مانەوە لە رێكکەوتنی بەرجامدا دۆخی ئابووری و سیاسیی ئێران باشتر بکا، ئەوجار بە کردەوە نەشیاوەکانی خەریکە بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەکا و ئەوەش دەبێتە هۆی بێ متمانەیی زیاتری وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتنی بەرجام و بیروڕای گشتیی جیهانیی.