کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسراییل دەڵێ: کوشتنی دوو بەرپرسی گەورەی جیهادی ئیسلامی فەلەستین پەیامێکی ڕوون بوو بۆ کۆماری ئیسلامی

15:54 - 22 خەزەڵوەر 2719

بەرپرسانی ئیسراییل دوێنێ سێشەممە ٢١ی خەزەڵوەری٩٨ی هەتاوی هەواڵی کوشتنی دوو بەرپرسی" جیهادی ئیسلامیی فەلەستین"ی سەر بە کۆماری ئیسلامییان پشتڕاست کردەوە. لەڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئیسراییلدا هاتووە کە کوشتنی "بەها ئەبولعەتا" لە غەزە و"ئەکرەم ئەلعوجووری" لە دیمەشق کە هەردووکیان لە بەرپرسە باڵاکانی جیهادی ئیسلامیی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بوون، پەیامێک بوو بۆ کۆماری ئیسلامی و بەشێکە لە شەڕ دژی ڕێژیمی ئاخوندی. بنیامین نێتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسراییل، پاش کوشتنی ئەو دووکەسە فەلەستینییە ڕایگەیاند: "هەرکەس وابیردەکاتەوە کە دەتوانێ ئازاری خەڵکی ئێمە بدا خۆی قوتار بکا ،هەڵە دەکا، ئەوەش نموونەکەی وەکوو هەزاران نموونەی دیکە. ڕۆژنامەی"ماکوور ڕیشۆن"لە وتارێکدا لەسەرزاری بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئیسرائیلیەوە نووسی: ئەو ٧٠ میلیۆن دولارەی کە کۆماری ئیسلامی ساڵانە دەیداتە جیهادی ئیسلامی فەلەستینی بۆ زەربەلێدانە لە خەڵکی ئیسراییل و ئاژاوە نانەوە لە ناوچەکەدا بۆ پشتیوانی ئەم تیرۆریستانەیە.