کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی مامۆستایەکی ئایینی سوننی لە هورموزگان

15:57 - 22 خەزەڵوەر 2719

بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هێرانا، ڕۆژی ١٨ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی "مەولەوی ئیبراهیم حەبەشی" پێشنوێژی بازگەر سەر بە پارێزگای هورموزگان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هێرانا لەسەر زاری چالاکانی بەلووچەوە ڕایگەیاند کە ئەو ماموستا ئایینییە چەند ڕۆژ بەر لەدەسبەسەرکرانی سەفەرێکی ئێماراتی کردبوو کە هاوکات لە گەڵ هاتنەوەی بۆ دەرگەز لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە. شایانی باسە کە ناوبراو پێشتریش چەند جار لەسەر بۆچوون و قسەکانی دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و زوڵم و زۆری دەسەڵاتدارانی ئاخوندی بەرانبەر بە خەڵکی سوننی ئێران دەسبەسەر و زیندانی کراوە. جێگەی ئاماژەیە کە گوشار و هەڵاواردن سەبارەت بە خەڵکی سوننی و ئایین و ئایینزاکانی دیکە لە ئێراندا لەڕاددەبەدەرە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زۆرتریش دەبێت و سەرەڕای ئەوەیکە لە ماوەی تەمەنی دەسەلاتداری کۆماری ئیسلامیدا ساڵانە رێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ لەسەر هەڵاواردن و پشتگوێخستن و زوڵم و زۆری ئاخوندەکان لە خەڵکی غەیرە شیعە هوشدارییان داوە بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، بەڵام بەردەوام هەڵاواردنی ئایینی و نەتەوەیی و ڕەگەزی لە پەرەسەندن دایە.