کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونەسەری نرخی زێڕ و دۆلار لە ئێران

16:05 - 22 خەزەڵوەر 2719

هاوکات لەگەڵ ڕاوەستانی بازاڕی جیهانیی زێر، نرخی زێڕ و دۆلار لە ئێران ڕۆژ بەدوای ڕۆز زیاتر دەچێتە سەرێ. لەگەڵ ئەوەیکە زۆربەی بازاڕەکانی جیهان مامەڵەی زێڕیان ڕاگرتووە و دۆخێکی ئاڵۆز بەسەر بازرگانیدا زاڵ بووە. نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی ئێراندا بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە و لەو ماوەیەدا نرخی سکەی زێڕ لە ئاستی چوار میلیۆن تمەن تێپەڕیوە. دابەزینی نرخی دراوی ئێران لە بازاڕەکانی جیهاندا بووەتە هۆی ئەوەیکە دولار و یۆرۆ نرخیان بچێتە سەرەوە و بازرگانیی ئێرانیش لەگەڵ وڵاتانی دەرەکی و بیانی کەمتر بێتەوە. هەواڵەکانی ئەمڕۆ باس لەوە دەکەن کە نرخی دۆلاری ئەمریکا لە هەندێ شوێن لە ١١هەزار تمەنەوە دەستپێدەکا تا دەگاتە ١٣ هەزار تمەن. بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە نرخی دۆلار ١٠٠ تا ٥٠٠ تمەن زیادی کردووە و زیاتر بازاڕە ئازادەکانی ئێران کە مامەڵەی دولار دەکەن بوونەتە هۆی گرانی و چوونە سەرەوەی نرخی دولار و یۆرۆ. شایانی باسە کە ماوەی ڕابردوو نرخی سکەی زێڕی ئێران کەمتر لە ٤ میلیۆن تمەن بوو بەڵام لە حەوتووی رابردوودا نرخی سکە دیسان سنووری ٤ میلیۆن تمەنی تێپەڕاند و زێڕی ١٨ عەیاریش، هەر گرەمێکی بوو بە ٤٠٧ هەزار تمەن. ئێران وڵاتێکە کە لە ڕووی ئابوورییەوە لە نالەبارترین دۆخی خۆیدایە و قەیرانەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر فشار بۆ خەڵک دێنن و خەڵکی ئێران بە دەست خەمساردیی کاربەدەستانی ئەم وڵاتەوە دەناڵێنێ.