کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داهاتی نەوتی کۆماری ئیسلامی دەگاتە نزمترین ئاستی خۆی

16:28 - 22 خەزەڵوەر 2719

گەمارۆ گشتگیرو زیرەکەکانی ئەمریکا لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران و بەتایبەت نەوت و گازی ئەم وڵاتە کە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ئێرانە، بەرپرسانی ڕێژیمی خستۆتە دڵەڕاوکێ و تووشی قەیرانی داهات و بەڕێوەبردنی وڵاتی کردوون، بە چەشنێک کە ڕۆژانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە زاری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە دێتەدەر و دانیپێدا دەنێن. هاوکات لە گەڵ کەمبوونەوەی داهاتی نەوت تا نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا و پێشگرتن لە هەناردەکردنی نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە، هەواڵدەری "مێهر" سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی ڕایگەیاند کە لە گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی ٩٩ی هەتاویدا، بەشی داهاتی نەوت بەتاڵە. هەر لەو پێوەندییەدا کابینە یەک لە دوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی و یەک لەوانە دەوڵەتی ڕووحانی بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر دەسەڵاتداران، گوشارەکان دەخەنە سەر خەڵکی ئێران و بە زیادکردنی باج لە سەر بەشە جۆراوجۆرەکانی داهاتی خەڵک ئەوەندەی تر خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران دەچەوسێننەوە و لە لایەکی دیکەشەوە حاشا لە کاریگەری گەمارۆکان دەکەن. ڕووحانی لە سەفەری ئەمدواییەیدا بۆ شاری یەزد ڕایگەیاند کە بەرزترین داهاتی ماڵیاتی وڵات ١٥٠ هەزار میلیارد تمەنە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێویستیمان بە ٤٥٠ هەزار میلیارد تمەنە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، جا پرسیار لەوەدایە کە ئەو ٣٠٠هەزار میلیاردی دیکە لە کوێ بێنین کە هەندێ کەس دەڵێن پێویستیمان بە دانوستان لە گەڵ ئەمریکا نییە. پێویستە بگوترێ کە ئاماژەی رووحانی بە قسەکانی ئەم دواییانەی خامنەییە کە گوتبووی تا ماوین لە گەڵ ئەمریکا دانوستان ناکەین.