کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاربەدەستێکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە سوئێد دەسبەسەرکرا

15:41 - 23 خەزەڵوەر 2719

مێدیاکانی سوئێد هەواڵی دەسبەسەرکردنی کاربەدەستێکی کۆماری ئیسلامییان بە ناوی حەمید نووری بڵاوکردەوە. بە پێی ئەو هەواڵانەی کە لە مێدیاکانی وڵاتی سوئێد دا بڵاو کراونەتەوە, پۆلیسی ئەو وڵاتە کەسێکی ئێرانیی بە ناوی حەمید نووری، بە تاوانی بەشداریی لە کوشتنی بەندکراوانی سیاسی دژبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەندیخانەکانی ئێران لە هاوینی ١٣٦٧ی هەتاوی دا، دەسبەسەر کردووە. حەمید نووری تەمەنی ٥٨ ساڵە و لە دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و عێراق، بەرپرسی ئێعدام و کوشتنی سەدان بەندکراوی سیاسی بووە و کۆمەڵێکی زۆر لە نەیارانی سیاسی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە شاری کەرەج لە سێدارە داوە. بە وتەی دوو کەس لە شایەتحاڵەکانی ڕووداوەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، حەمید نوری لە سەروبەندی ئێعدامی بە کۆمەڵی بەندکراوانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دا، جێگری دادوەری ئینقلاب، "محەممەدی مقیسه‌ئی" بووە و فەرمانی ئێعدامی هەزاران کەس لە ئەندامانی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی داوە. جێگەی ئاماژەیە کە حەمید نووری بە فەرمانی دادوەری دادگای سوئێد تا ٤ حەفتەی دیکە لە بەندیخانە دا دەمێنێتەوە و دادوەر داوای لە سکاڵاکاران کردووە کە لە ماوەی ئەو ٤ حەفتەیەدا بەڵگەنامەی پێویست سەبارەت بە دەست تێدا بوونی حەمید نووری لە کوشتنی بەندکراوانی سیاسی دا ڕادەستی دادگا بکەن. ئەو کەسە پێشتر حوکمی گرتنی لە لایەن دادگای سوئێدەوە بۆ دەرچوبوو. پاش دابەزینی لە فڕۆکەخانەی ستۆکهۆڵم، ڕۆژی شەممەی ڕابردوودا لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراو و ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەزڵوەری ئەمساڵ بە بڕیاری دادوەر و بە پێی بەڵگەی پێویست حوکمی دەسبەسەرکردنی دراوە. لە دوای هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، ئەوە جاری یەکەمە کە کەسێکی سەر بەو ڕێژیمە ڕێژیمە بە تۆمەتی کوشتن و ئێعدامی نەیارانی سیاسی، لە لایەن وڵاتی سویدەوە دەستبەسەر و ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە. هەر لەو پەیوەندییە دا ئاگینس کالامارد، ڕێپۆرتنێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ڕووداوەکانی ئێعدام و کۆمەڵکوژی، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو هەنگاوەی حکومەت و دادگای سوئێد دەربڕی و گرتنی حەمید نووری، بە هەنگاوێکی گرینگ و کاریگەر لە پەیوەندی لەگەڵ کوشتنی بەندکراوانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دا ناوبرد.