کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو لێکدانەوەی دژ بەیەکی ڕووحانی لە دوو ڕۆژدا

16:25 - 23 خەزەڵوەر 2719

سەرۆک کۆماری ئێران لە شاری یەزد و لە دووڕۆژدا دوو لێدوانی بە تەواوەتی جیاوازو دژبەیەکی دا. حەسەن ڕووحانی، کە ڕۆژی سێشەممە لە شاری یەزد باسی لە داڕمانی ئابووری و زیادکردنی ماڵیاتەکان لەسەر خەڵکی ئێران دەکرد و وتی کە بە هاتنە خوارەوەی هەناردەی نەوت ناتوانین تەنانەت مووچەی کارمەندەکانیشمان دابین بکەین و باسی لە کورتهێنانی ٣٠٠هەزار میلیارد بوودجە دەکرد، کەچی ڕۆژێ دواتر لە شارێک ئەولاترەوە بەتەواوەتی قسەکانی پێچەوانە کردەوە و وتی: ئێمە توانیومانە قەیرانەکان تێپەڕێنین وگەمارۆکانیش هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ئێمە نەبووە. هەروەها لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاند کە خۆڕاگری ئێمە لە هەمبەر گەمارۆکانی ئەمریکادا وایکردووە کە لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە پێوەندیمان لە گەڵ دەگرن و دەڵێن وەرن با کێشەکانمان چارەسەرکەین ئەوەش نیشانەی بە هێزی ئێمەیە و داوای لە خەڵکیش کرد کە جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بەرچاویان هەبێ. شایەنی باسە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەر لە هاتنی خومەینییەوە دەسەڵاتداری خۆیان لەسەر درۆ و هەڵخەڵەتاندنی خەڵک بونیاد ناوە و لە جێگەی پێڕاگەیشتن بە بارودۆخ و ژیانی خەڵکی ئێران، بەردەوام هەموو سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیان بۆ ئاژاوەگێڕی و تیڕۆر و پشتیوانی لە تیرۆر تەرخانکردوە . لە لایەکی دیکەوە دزی و گەندەڵی بۆتە سیاسەتی نێوخۆیی ئاخوندەکان و بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران.