کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپێشاندانی هەزاران کرێکاری "حەوت تەپە"

16:30 - 23 خەزەڵوەر 2719

بە پێی هەواڵی کاناڵی سەندیکای کرێکارانی "حەوت تەپە"، ڕۆژی ٢٢ خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی هەزاران کرێکاری کارخانەی نەیشەکەری حەوت تەپە ڕژانە سەر شاقامەکانی ئەو شارە و ناڕەزایەتی خۆیان لە هەمبەر پێنەدانی مووچە و نەبوونی ئاسایشی کاری و هەروەها لەسەر ئیزن نەدانی بەرپرسانی کارخانەکە بە گەڕانەوەی ئەو کرێکارانەی کە بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی پێشترەوە لەسەر کارەکانیان دەرکراون دەربڕی . ئەو کرێکارە ناڕازییانە هەروەها خوازیاری ئیدارەکردنی کارخانەی نەیشەکەری حەوت تەپە بوون لە لایەن دەوڵەتەوە نەک کەسانی تایبەتی کە ئێستا بەڕێوەبەری ئەو شوێنەن . سەندیکای کرێکارانی ئەو کارخانەیە سەرەڕای پشتیوانی لە داواکارییەکانی ئەو کرێکارانە هوشداری دا لە هەمبەر هەرچەشنە ترساندن و گرتنی کرێکاران یان لێپرسینەوە لە کرێکاران لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. شایانی باسە کە پێشتر کرێکارانی ئەو کارخانەیە ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو کە بوو بە هۆی دەسبەسەرکردن و ئەشکەنجەی بەشێکی زۆر لە کرێکارەکان، لەوانە "ئیسماعیل بەخشی" و پاڕێزەرێک بە ناوی" سپیدە قولیان" کە دوای ماوەیەک زیندانی بە بارمتەی یەک میلیارد و٥٠٠ میلیون تمەنی لە زیندان ئازادکران.