کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێکهێنانی پرێس کونفڕانسێک بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە قەڵای دێموکڕات

18:36 - 23 خەزەڵوەر 2719

ئەمڕۆ پێنجشەممە پرێس کونفڕانسێک بەبەشداریی چەند کاناڵێکی میدیایی باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها پەیامنێری "ڕادیۆ فەردا" بۆ بەڕێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکڕاتی کوردستان بەڕێوەچوو. لەم پرێس‌ کۆنفڕانسەدا کە بەبۆنەی تەواوبوونی کۆنگرەی ١٧ی حیزبەوە پێک هات، سەرەتا کاک خالید عەزیزی باسێکی سیاسیی لەسەر خوێندنەوە و دەرەنجامەکان بۆ کۆنگرە خستە ڕوو و دواتر پەیامنێری میدیاکان پرسیارەکانی خۆیان بەرەوڕوو کرد. کاک خالید عەزیزی لە سەرەتای پرێس‌کۆنفڕانسەکەدا بە ئاماژە بە شوێنی کۆبوونەوەکە و بیرهێنانەوەی مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات لە ساڵی ڕابردوودا، تیشکی خستە سەر ئەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە پشتبەستن بە خەڵکی کوردستان و بە هەوڵ و هیممەتی کادر و پێشمەرگە و ئەندامەکانی توانی بەسەر ئەو دۆخەدا زاڵ ببێ و سەرەڕای کەشی ئەمنیەتیی قورس بتوانێ کۆنگرەکەی خۆی بە سەرکەوتوویی بگرێ و لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی سیاسی و بەردەوامیی خۆی لە خەبات و تێکۆشان هەڵداتەوە. کاک خالید عەزیزی دواتر بۆ بەرچاوڕوونی میدیاکاران ئاماژەی بە چەند تەوەرێکی سەرەکیی کاری کۆنگرە و باسە سیاسی و دێکیۆمێنتە پەسندکراوەکانی کۆنگرە کرد و بە سەرنجدان بە گرینگیی خەباتی فرەڕەهەندی حیزبی دێموکرات؛ بە بایەخەوە لە بەرگریی چەکدارانەی حیزبی ڕوانی و گوتی پێشمەرگە هێمای حیزب و یادگاری کۆماری کوردستانە و خەباتی پێشمەرگە و پێشمەرگانە دەور و نەخشی بەرچاوی هەیە لە خەباتی مافخوازانەی گەلەکەماندا و ئەو ڕۆڵەشی هەر دەمێنی". هەر لە پێوەندی لەگەڵ خەباتی فرەڕەهەند، باسی لە خەباتی مەدەنی کرد کە خەڵکی کوردستان هەردەم لە مەیداندا بوون و نەخشی بەرچاویان لە شۆڕش و خەباتدا هەبووە و پێویستە نەخش و دەوری خەڵک و چالاکانی نێوخۆ بە هەند وەربگرین و زیاتر پەرەی پێبدەین. لە بڕگەکانی دیکەی پرێس کۆنفڕانسەکەدا، پەیامنێری کاناڵەکانی ڕاگەیاندن پرسیار و سەرنجەکانی خۆیان بەرەوڕووی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد کە لەلایەن بەڕێزیانەوە وەڵام درانەوە. شایانی باسە "کوردستان 24"، "تۆڕی میدیایی ڕووداو"، "ڕادیۆفەردا"، "ڕۆژنیوز"، "کوردستات"، "سپێدە"، "کوردسات نیوز"، "ئێن ئار تی"، "کەرکووک"، گەلی کوردستان" و "کوردکاناڵ" بەشێک لەو کاناڵ و ڕاگەیەنانە بوون کە لەو پرێس‌کۆنفڕانسەدا بەشدار بوون. (بینەرانی بەڕێزی کوردکاناڵ ئاگادار دەکەینەوە کە ئەم پرێس‌کۆنفڕانسە لە بڕگەکانی دیکەی بەرنامەکانی ئەمشەوی کوردکاناڵ‌دا بڵاو دەبێتەوە)