کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ١١ پارێزگای ئێران خۆپێشاندان دژ بە گرانکردنی بەنزین بەردەوامە

17:08 - 25 خەزەڵوەر 2719

بەهۆی گرانکردنی بەنزین لە ئێران ، خەڵکی ١١ پارێزگای ئێران ڕژانە سەرشەقامەکان و دژ بە گرانی و دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دروشمیان دا. شەوی هەینی تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە دژ بە گرانکردنی بەنزین، لە ١١ پاریزگای ئێران خۆپێشاندانی خەڵک دەستی پێکرد. لەو خۆپێشاندانانەدا کە تا ئێستا ١٦ شاری ئێرانی گرتۆتەوە، دروشمەکانی خەڵک بریتی بوون لە: "مرگ بر دیکتاتور"، "دیکتاتور حیا کن، مملکت رو رها کن"، "روحانی حیا کن، مملکت رو رها کن"، "پول نفت گم شده، خرج فلسطین شده"، "نه غزه، نه لبنان، جانم فدای ایرام" ، "سوریه را رها کن، فکری به حال ما کن' و 'نترسید نترسید، ما همه با هم هستیم". لەخۆپێشاندانەکاندا لەچەند شوێنێک تێکهەڵچوون لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم هاتۆتە ئاراوە و بەپێی هەواڵەکان تا ئێستا لە شاری "سیرجان" خۆپێشاندەرێک بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کوژراوە. هەر ئەمڕۆ لە شاری سنەش خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و لە چەند شوێنێکی ئەو شارە ناڕەزایەتی خۆیان دژ بە بردنەسەری نرخی بەنزین دەربڕی و تێکهەڵچوون لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان ڕوویدا. شایانی باسە کە بەنزین لە ئێران سێ بەرابەر واتە لە سەتا ٣٠٠ گرانبووە و ئەوەش بۆتە هۆی ڕق و بێزاریی خەڵکی ئێران و خەڵک دژ بەو بڕیارەی دەوڵەتی ڕوحانی هاتوونەتە سەرشەقامەکان و ناڕەزایەتی خۆیان لەهەمبەر گرانبوونی بەنزین ڕاگەیاندووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی، بۆتە هۆی برسیەتی و گرانی لە ئێران و بەجێی پێڕاگەیشتن بە ژیانی خەڵک هەر خەریکی پەرەپێدانی سیاسەتە ئاژاوەگێڕییەکانییەتی لە ناوچەکە و جیهاندا و ئەڕێژیمە دژی گەلییە بۆ دەرباز بوون لە قەیرانە کەڵەکەبوەکان نەک هەر واز لە کردەوەی تێرۆریستی و تێکدەرانەی خۆی ناهێنێ، بەڵکوو هەر ڕۆژە بە جۆرێک هەڵەکانی دووبارە و چەندبارە دەکاتەوە. خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران ماوەی چل ساڵە باجی هەڵەکانی ڕێژیمی ئاخوندەکان دەدەن و هەر ڕۆژە بەدەست نەهامەتییەکەوە دەناڵێنن، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندی وەڵامی ویستی خەڵک بە هەڕەشە و کوشتن و ئەشکەنجە و زیندانی دەدەنەوە و تا ئێستا لەم وڵاتەدا لەپێناو وەدەست هێنانی مافە ڕەواکانیان دەکوژرێن و سەرکوت دەکرێن.