کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەحکووم کردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە

17:11 - 25 خەزەڵوەر 2719

کۆمیتەی سێهەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لە ئێران مەحکووم کرد. کۆمیتەی سێهەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ناڕەزایەتیی خۆی لەوبارەوە دەربڕی. ئەو بڕیارنامەیە کە لەلایەن وڵاتی کاناداوە ئامادە کرابوو، بە ٨٤ دەنگی ئەرێنیی وڵاتان پەسند کرا. شایانی باسە کە ئەو بڕیارنامەیە باسی مافی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەیی و بیروڕا و هەروەها هەندێ باسی دیکە وەکوو پرسی ژنان لە بەیاننامەکەدا باسی لێکراوە. جێگای ئاماژەیە کە ئەو بڕیارنامەیە بۆ داکۆکی کردن لە مافی هاووڵاتیانی ئێرانییە و داوا لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەکا کە پێبەندی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان بێ و هەڵاواردن و سەرکوتی خەڵک کۆتایی پێ بێنێ و ئاوڕێک لە دۆخی زیندانیان و چالاکانی مافی مرۆڤ، سیاسی، ژینگەیی و هەروەها نووسەران و کەسایەتییە ناسراوەکانی کۆمەڵگەی ئێران بداتەوە. ئەو بڕیارنامەیە کە زیاتر بە هاوکاریی جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەکراوە، پێداگری لەسەر مافی مرۆڤ دەکا و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم دەکا. لە درێژەی دۆخی نالەباری کۆمەڵگەی ئێران کە کۆماری ئیسلامی کەشێکی تەواو ئەمنیەتیی بەسەریدا زاڵ کردووە، ڕۆژانە هەواڵی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاو دەبێتەوە و خەڵکی ئەم وڵاتە بەدەست کاربەدەستە دیکتاتۆرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەناڵێنن. بۆ نموونە دۆخی زیندانیان، دەسبەسەر کردنی هاووڵاتیانی بێ تاوان بە تۆمەتی ناڕەوا، دۆخی ژنان، کەمایەتییە ئایینییەکان، مافی نەتەوەکان و زۆر بابەتی دیکە کە هەموو ڕۆژێک لەلایەن کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییەوە دەرهەق بە ئەو خەڵکە ئەنجام دەدرێ.