کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەنابەری کورد"بێهرووز بووچانی" و نووسەری ڕۆمانی بە ناوبانگی "دۆستێک نییە جگە لە چیاکان" گەیشتە نیوزیلەند

17:15 - 25 خەزەڵوەر 2719

بوچانی خەڵکی ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە چەند ساڵ بوو لە دوورگەیەک لە ئوسترالیا لەناو کەمپدا ژیانی بەسەر دەبرد، سەرئەنجام دوای تێپەرکردنی ٢٢٦٩ ڕۆژ ژیان لەو کەمپە توانی دورگەی مانوس بەجێبێڵی و بگاتە وڵاتی نیوزیلەند. بێهروز بووچانی کە بۆ بەشداریکردنی لە فیستیڤاڵی ئەدەبیی "کرایستچرچ" لە لایەن دەوڵەتی نیوزلەندەوە ویزای پێدراوە و دەتوانێ بۆ ماوەی مانگێک لەوێ بمێنێتەوە و هیوادارە بتوانێ لەو ڕێگەوە خۆی بگەیەنێتە ئەمریکا. بۆوچانی لە کاتی گەیشتن بە فرۆکەخانەی نیوزیلەند گووتی: ئیتر قەت ناگەڕێمەوە. تەنیا شتێک کە دەمهەوێ ئەوەیە کە لەو سیستەمە ڕزگار بم و لە جێیەک بم کە وەک ئینسان چاوم لێبکرێت نەک پێم بڵێن پەنابەر. ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە ماوەی شەش ساڵ و لە چوارچێوەی یاساکانی تایبەت بە کۆچبەرانی ئوستراڵیا ناچار بوو چاوەڕیی ئیقامەتی ئوسترالیا بوو. بێهروز لەو ماوەیەدا بە بەردەوامی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ڕاپۆرت و ڤیدیۆی لەسەر ژیانی پەنابەرانی ئەو دورگەیە بڵاو دەکردەوە و بەو شێوە بوو بە هیمای خەبات بۆ مافی پەنابەرانی ڕاگیراو لەو کەمپە. بێهروز بوچانی لەو ماوەدا توانی کۆمەڵیک خەڵاتی پڕبایەخ بباتەوە کە دیارترینیان : خەلاتی "موڵتی میدیا"ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاپۆرت لەسەر پەنابەرانی ئەو دورگە، خەڵاتی نەتەوەیی ژیان نامەی کتێبخانەی نەتەوەیی" نیوساوت وێڵز" و هەروەها براوەی خەڵاتی سەدان هەزار دۆلاری ویکتوریا بوو لە مێلبۆرن بە هۆی نووسینی کتێبی "دۆستێک نییە جگە لە چیاکان". ئێستا بووچانی بە یەکێک لە سیما دیارەکانی کوردستان لە سەر ئاستی جیهان دەناسرێت.