کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاشەکشەی خامنەیی دوای چل ساڵ بەرانبەرخەڵکی ئیسرائیل

17:17 - 25 خەزەڵوەر 2719

خامنەیی لە تازەترین لێدوانیدا پاشەکشەی لە لێدوان وسیاسەتەکانی بەرانبەر ئیسرائیل کرد و وتی ، ئەگەر ئێمە دەڵێین ئیسرائیل دەبێ لەسەر نەخشەی جیهان بسڕینەوە مەبەستمان لە حکوومەتی ئیسرائیل نەک خەڵکی یەهوود. ڕێبەری کۆماری ئیسلامی هەروەها ڕایگەیاند لە ئێراندا خەڵکی یەهوود هەیە کە لە ژێر یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا ژیانیکی ئازاد ودڵخوازیان هەیە ئاسایشیشیان پارێزراوە و ئێمە هیچ کارێکمان بە خەڵکی یەهوودەوە نییە. خامنەیی لە درێژەی قسەکانیدا کە ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەزەڵوەرلە ڕێوڕەسمێکدا کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و باڵوێزی وڵاتانی ئیسلامی بەشداربوون ڕایگەیاند کە دوژمن قسەکانی ئێمە دەگۆڕێ و بە جۆرێکی دیکە بڵاوی دەکاتەوە . ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەر خودی خامنەیی لە ڕۆژی ١٩ی خەرمانانی ٨٩ی هەتاویدا لە وڵامی ئەحمەدینژاد و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەوکاتدا وتبووی: "دۆستایەتی لە گەڵ خەڵکی ئیسرائیل قسەیەکی هەڵەیە و نابێ دووبارە بکرێتەوە و خەڵکی ئیسرائیل جیا ناکەینەوە لە دەوڵەتەکەی هەموویان دوژمنی ئیسلامن". شایانی باسە کە پاش هاتنی خومەینی ودەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی، دروشمی سڕینەوەی ئیسرائیل کەوتە بازنەی سیاسەتی هەمیشەیی و دانەبڕاوی ئاخوندەکان و هەتا ئێستاش بەردەوامە و بە توندترین شێوە دژایەتی خەڵکی یەهوود بە گشتی کراوە تا ئاستێک کە چەندین جار بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت کۆمەڵکوژی یەهوودییەکان لە لایەن ئاڵمانی نازییەوە کە بە هۆلۆکاست ناسراوە بە کارێکی ڕەوا وەسفکرا و پشتیوانی لێکرا کە دیارترینیان ئەحمەدینژاد سەرۆککۆماری دەیەی پێشوو بوو. خامنەیی لە حاڵێکدا باس لە ئاسایشی یەهوود لە ئێران دەکا کە ڕۆژ نییە خەڵکی پەیڕەوی مەزهەب و ئایینەکانی دیکە لەوانە بەهایی و یەهوودی و سوننی نەکەونە بەر پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم و ئەشکەنجە و زیندانی و ئێعدام نەکرێن و تەنانەت مڵک و ماڵیشیان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەستی بەسەردانەگیرێ و بێڕێزییان پێنەکرێ و لە مافە سەرەتاییەکانیشیان و یەک لەوان خوێندن و فێربوون بێبەش نەکرێن.