کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی تێکۆشەر و باوکی شەهیدێکی حیزبی دیموکراتی کوردستان

03:12 - 26 خەزەڵوەر 2719

بە گوێرەی هەواڵێک کە بەدەستمان گەشتووە، ڕۆژی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی، کاک هاشم ئەکبەرپوور، ئەندامی دڵسۆزی حیزبی دیموکراتی کوردستان و باوکی شەهید مەنسوور ئەکبەرپوور، لە شاری زاخۆی باشووری کوردستان کۆچی دوایی کرد. کاک هاشم ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی لە شاری بۆکان لەدایکبووە و ساڵی ۱۳٦۱ی هەتاوی لە شاری بۆکانەوە ڕوو لە شاری مەهاباد دەکا و لە فەرمانگەی بێهداری ئەو شارە سەرقاڵی کار دەبێ، بەڵام پاش ماوەیەک لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لە کارە دەوڵەتییەکەی دوور دەخرێتەوە. کاک هاشم وێڕای بنەماڵەکەی بۆ خۆ دەرباز کردن لە دۆزەخی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ساڵی ۱۳۹۱ی هەتاوی لە شاری زاخۆی باشووری کوردستان نیشتەجێ بوون و دواتر کوڕێکی بە ناوی مەنسوور هاتە نێوڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و وەک پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و فیداکار خزمەتی بەحیزب و گەلەکەی دەکرد و بەداخەوە ڕۆژی ۱۷ خەرمانانی ۱۳۹۷ لە مووشەکبارانی قەڵای دێمۆکڕات دا تێکەڵ بە کاروانی سەربەرزی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان بوو. هاوکات کچە گەورەی بنەمالەش وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە وڵاتی سوید، خزمەتی بە ڕێبازی پیرۆزی کوردایەتی کردووە و هەر ئیستاش ئەندامێکی چالاکی حیزبە لەو وڵاتە. کاک هاشم کەسێکی خەڵکی، خێرخواز و دڵسۆز و کوردپەروەر بوو و لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکانی وەک لقی زاخۆی ڕێکخراوەی سوئێدی دیاسپۆرای کوردی و هەروەها لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و حیزبە کوردییەکان بۆ یارمەتیدانی ئاوارە و هەژار و بنەماڵەی شەهید و پێشمەرگە هاوکاری دەکرد. تەرمی کاک هاشم لە ناو ئاپۆرای هاوڕێیانی حیزبی و ئەندامانی ڕێبەری حیزب و دۆست و هاوڕێیانی دا، لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری کۆیەی باشووری کوردستان بە خاک سپێردرا. لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستانەوە، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و خزم و کەسوکاری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.