کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدکردنی دەیان کەس لە کوردستان لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە

15:24 - 26 خەزەڵوەر 2719

دوابەدوای دەسپێکردنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران و کوردستان دژی کۆماری ئیسلامی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەس لە شارە جیاجیاکانی کوردستان بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئاخوندی شەهید کران و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون و سەدان کەس دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنی نادیارکراون. بە پێی سەرچاوەکانی هەواڵ و ئەو هەواڵانەی بە ناوەندی هەواڵی "کوردستان و کورد" گەیشتوون، لە زۆربەی شارەکانی کوردستانیش هاوکات لە گەڵ دەیان شاری دیکەی ئێران خۆپێشاندان و ڕاپەڕین بە دژی کۆماری ئیسلامی کرا و هێزەکانی ڕێژیم وەکوو هەمیشە بە چەک وەڵامی خۆپێشاندەرانیان دایەوە کە تا گەیشتنی ئەم هەواڵە لە شاری جوانڕۆ ١٧ کەس، لە سنە ٥ کەس و مەریوان ٦ کەس شەهید بوون کە بە گشتی ٢٨ کەس شەهید کران و دەیان کەسیش برینداربوون. ئەو شارانەی کوردستان کە خۆپێشاندانیان تێداکراوە بریتین لە: "کرماشان،گێڵان غەرب، شاباد، سەرپێڵ، سنە، بانە، کامیاران، سەقز، مەریوان، جوانڕۆ، ورمێ، بۆکان، سەڵماس، ئیلام". جێگەی ئاماژەیە ئەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییانەی خەڵکی ئێران درێژەی ناڕەزاییەتییەکانی ساڵی ٩٦ی هەتاوییە، بەڵام ئەمجارە بە بیانووی گرانکردنی بەنزین لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێکردەوە. خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بە گشتی لە کۆماری ئیسلامی ناڕازیین و خوازیاری ڕووخانی حکوومەتی ئاخوندەکانن کە چل ساڵە خەریکی زوڵم و زۆر و دزی و گەندەڵین و وڵاتی ئێرانیان گەیاندۆتە ئاستی قەیران و دەیان نەهامەتیان تووشی خەڵکی ئەم وڵاتە کردووە. شایانی باسە کە لە زیاتر لە ٥٠ شاری ئێراندا خۆپێشاندان کراوە و دەیان کەس کوژراوو و بریندار هەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرەنج و تێڕامانە جیاوازی هەڵسوکەوت و دڕندەیی هێزەکانی ڕێژیمی ئاخوندییە لە نێوان خەڵکی کورد و خەڵکی دیکەی ئێراندا بەشێوەیەکی ئاشکرا لوولەی چەکەکانییان دەکەنە خەڵکی کورد و دەستیان لێناپارێزن. دەمێکە گەلی کورد نیشانیانداوە کە بۆ گەیشتن بە مافەکانیان ئامادەن خوێن بدەن و گیانی خۆیان بکەنە قوربانی ئامانجە پیرۆزەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕزگاری یەکجاری و بنیاتنانی کوردستانێکی ئازاد و نەهێشتنی زوڵم و ستەم و بێدادی.