کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەیان هەزار کەس لە خەڵکی بۆکان هاتوونەتە سەر شەقامەکان

20:14 - 26 خەزەڵوەر 2719

بەپێی هەواڵێک کە بە ناوەندی ڕاگەیاندنی "کوردستان و کورد" گەیشتوە، لە درێژەی خۆپێشاندانەکانی گەلانی ئێران دژ بە دەسەڵاتی ئاخوندەکان و گرانی و نەبوونی و بێکاری، ئەمڕۆ دەیان هەزار کەس لە خەڵکی بۆکان ڕژانە سەر شەقامەکان و دژ بە دەسەڵات دروشمیان دا. بەهۆی بێزاری خەڵک لە سیاسەت و سەرکوتی چل ساڵەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ خەڵکی بۆکان لە کاتی خۆپێشاندانەکەیاندا سێ بانکی ئەم شارەیان ئاگردا. بەهۆی ترسی ڕێژیم لە خۆپێشاندەران، ئەمڕۆ بەبەردەوامی سێ هێلیکۆپتەری ڕێژیم بەسەر شارەکەدا سووڕانەوە. شایانی باسە کە لە ئێوارەی رۆژی هەینی 24ی خەزڵوەرەوە کە خۆپێشاندان دەستی پێکردوە، تا ئێستا زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتۆتەوە. لەگەڵ ئەوەی کە هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم بە هەموو شێوەیەک خەڵک سەرکوت دەکەن، بەڵام خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بەردەوامن لە خۆپێشاندان و تا ئێستا دەیان کەس لە خۆپێشاندەران گیانیان لە دەست داوە و سەدان کەسیش بریندار بوون و ڕاپێچی بەندیخانەکان کراون.