![](/files/photo_2019-11-17_19-34-44.jpg)
دوای پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان و تێکەڵچوونی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم لەگەڵ هاووڵاتییانی ناڕازی، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و لەو پەیوەندییەدا هێڵی ئینتێرنێت پچڕاوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە هەواڵدەریی "کوردستان و کورد" گەیشتوون، پاش کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بەربڵاو لە شارەکانی کوردستان، حکوومەتی ئێران لە شارەکانی کوردستاندا حکوومەت نیزامیی ڕاگەیاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی "دژە شۆڕش" و "گاردی تایبەت" لە شارەکانی کوردستاندا جێگیر کراون و هاتوچۆی هاوڵاتییانیان خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە.
پاش توندتربوونی ناڕەزایەتییەکان لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، ئینتێرنێت لە شارەکانی کوردستان پچراوە و حکوومەتی ئێران لە هەوڵدایە کە بە بڕینی ڕێگاکانی پەیوەندی، پێش بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بگرێت.
ناڕەزایەتییەکان لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی ۲٤ی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی دەستیپێکرد و لەم ماوەیەدا هاوکات لەگەڵ دەیان شاری ئێران زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی کوردستان وەکوو، کرماشان، سنە، مەریوان، جوانڕۆ، بۆکان ،شاباد، سەقز، کامیاران، گێڵان غەرب، ورمێ، سەڵماس، میاندواو و چەند شاری دیکە هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بەردەوامە وبەداخەوە دەیان کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیوی کورد بە تایبەت لە کرماشان و جوانڕۆ و مەریوان و سنە و بۆکان گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەس بریندارو بێسەروشوێنن.
شایانی باسە کە تا دێت ئاپۆڕای خۆپێشاندەران زیاتر دەبێ و ڕەق و تووڕەییان بەرامبەر گۆپاڵ بەدەستانی ڕێژیمی ئاخوندی پەرە دەستێنێ کە بەپێی ئامارەکان لە کرماشان و سنەو مەریوان ٤ کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕیژیم بەدەستی خەڵک کوژراون و زۆربەی بانک و کەڵانتەری و ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیم و دامودەزگاکانی ڕێژیم لە لایەن خەڵکی ڕاپەڕیوەوە ئاگریان تێبەردراوە و سووتێندراون.
جێگەی ئاماژەیە کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوو بەیاننامەدا پشتیوانی خۆیان لە خەڵکی مافخوازی کوردستان دەربڕی وهاوخەمی و پەژارەی خۆیان گەیاندە بنەماڵەو کەس وکاری شەهیدانی ڕاپەڕینەکان و خەڵکی کوردستان و داوایان لە خەڵک کرد هەتا دەتوانن بۆ وەدەستهێنانی مافەڕەواکانیان بە شێوەیەکی مەدەنیانە و دوور لە توندوتیژی درێژە بە خۆپێشاندان بدەن .